Accessibility links

کوەیت: سعودیە سنوورەکانی بەڕووی قەتەڕدا دەکاتەوە


وەزیری دەرەوەی کوەیت شێخ ئەحمەد ناسر سەباح وتی سعودیە دووبارە سنوورە وشکانی و ئاسمانییەکانی لەگەڵ قەتەڕدا دەکاتەوە، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ لە ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

وەزیری دەرەوەی کوەیت وتی " لەسەر پێشنیاری شازادەی کوەیت شێخ نەواف، سعودیە و قەتەڕ ڕێکەوتنیان کردووە لەسەر کردنەوەی سنوورە وشکانی و ئاوی و ئاسمانییەکانی نێوانیان."

ئەم ڕاگەیاندنەش پێش کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی کەنداو دێت کە وابڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە سعودیە بەڕێوەبچێت.

لە مانگی شەشی ساڵی 2017 دا سعودیە و ئیماڕات و میسڕ و بەحرەین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر تۆمەتبارییان کرد، لەلای خۆشیەوە دەوحە تۆمەتەکانی ڕەت کردۆتەوە.

چوار وڵاتەکەی کەنداو سەرجەم سنوورەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا داخست و مامەڵە بازرگانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا قەدەغە کرد و ڕێگەیان بە هاوڵاتیانی قەتەڕی نەدا بێنە وڵاتەکانیانەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG