Accessibility links

سعودیە پلانی هەیە ڕێگە بە سەرپەرشتییەکی توندتری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بدات لە ناوەندە ئەتۆمییەکانیدا


سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی
سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی

سعودیە ڕایگەیاند وڵاتەکە پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ڕێگە بە دەزگای وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات توندتر سەرپەرشتی ناوەندە ئەتۆمییەکانی بکات، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە دەزگاکە دەمێکەیە داوای دەکات.

سعودیە بەرنامەیەکی تازەپێگەیشتووی ئەتۆمی هەیە و دەیەوێت دواجار فراوانی بکات تاوەکو چالاکییەکانی وەکو پیتاندنی یۆرانیۆمیش بگرێتەوە. ڕوون نیە ئەم پەرۆشییەی سعودیە تا کوێ دەڕوات چونکە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان چەندین ساڵە دەڵێت پەرە چەکی ئەتۆمی دەدات ئەگەر ئێرانی ڕکابەری ئەو کارە بکات.

ڕیاز هێشتا ڕیاکتەرەکەی ئیش پێنەکردووە کە وایکردووە بەرنامەکەی هێشتا لە ژێر چاودێری پڕۆتۆکۆڵی بڕی بچووکدا بێت، ئەمەش لە ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا کە لە وڵاتە کەمتر پێشکەوتووەکان خۆش دەبێت لە بەرپرسیارێتییەکان بۆ ڕاپۆرتدان و پشکنینە زۆرەکان.

وەزیری وزەی سعودیە شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان لە کۆنفرانسی گشتی ساڵانەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا وتی " شانشینەکە لە مانگی حەوتی ساڵی 2024 دا داوایەکی پێشکەشی دەزگاکە کردووە تاوەکو پڕۆتۆکۆڵی بڕی بچووک لاببات و ڕێککەوتنی تەواوی پاراستنی گشتگیر جێبەجێ بکات."

وتی " لە ئێستادا کار لەگەڵ دەزگاکەدا دەکەین بۆ تەواوکردنی سەرجەم ڕێککەوتنە پێویستەکان بۆ ئەوەی پڕۆتۆکۆڵی بڕی بچووک تاوەکو کۆتایی مانگی دوانزەی ئەم ساڵ بە شێوەیەکی کاریگەرانە کۆتایی پێبێت."

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی داوای لە دەیان وڵات کردووە کە هێشتا پڕۆتۆکۆڵی بڕی بچووکییان هەیە هەمواری بکەنەوە یاخود هەڵیبوەشێننەوە.

دەزگاکە چەندین ساڵە لەگەڵ سعودیەدا لە گفتوگۆدایە تاوەکو ئەو وڵاتە بچێتە سەر ڕێککەوتنی پاراستنی گشتگیر کە بابەتەکانی وەکو پشکنین لە خۆدەگرێت لەو وڵاتانەدا کە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیدا پەسەند کراون.

گڕۆسی وتی " بڕیاری سعودیە بۆ لابردنی پڕۆتۆکۆڵی بڕی بچووک توانای دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی زیاد دەکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەکارهێنانی ئاشتییانەی مەوادە ئەتۆمییەکان لە وڵاتەکەدا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG