Accessibility links

هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە ئەرکێکی سەربازی لە باکووری حودەیدەی یەمەن ئەنجام دەدات


هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە ئەرکێکی سەربازی لە باکووری شاری حودەیدەی یەمەن ئەنجامدا و وتی " کۆمەڵێک ئامانجی پێکاوە " ، ئەمەش پێدەچێت ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دوای هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.

هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە وتی " چوار شوێنیان لەناوبردووە کە بۆ کۆکردنەوە و بۆمبڕێژکردنی بەلەم و بۆمبی دەریایی بەکارهاتووە." وتیشی لەناوبردنی ئەو شوێنانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئازادی هاتوچۆی دەریایی.

وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی سعودیە تورکی مالکی لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو شوێنانە " بەکاردێن بۆ جێبەجێکردنی کاری دوژمنکاری و ئەرکە تیرۆریستییەکان کە هەڕەشەن بۆ سەر هێڵەکانی هاتوچۆی دەریایی و بازرگانی جیهانی لە تەنگەی باب مەندەب و باشووری دەریای سوور."

حوثییەکانی یەمەن کە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەیان ڕاگەیاند وتیان هاوپەیمانێتی ئەو ڕێکەوتنەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە کە لە سوید لەنێوان هەردوولادا واژۆکراوە.

ساڵی ڕابردوو لە دانوستانەکانی ئاشتی یەمەن لە سوید هەردوولای شەڕی یەمەن ڕێکەوتن لەسەر وەستاندنی شەڕ لە حودەیدە و کشانەوەی هێزەکانیان لەو شارەدا، ئەمەش لەپێناو دروستکردنی متمانە بۆ ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم کۆتای هێنان بە جەنگی یەمەن.

مالکی وتی " حوثییەکان حودەیدەیان بەکارهێناوە بۆ هەڵدانی موشەکی باڵیستیکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و بەلەمی بۆمبڕێژکراوە و چاندنی بۆمبی دەریایی."

لە ماوەی رابردوودا هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە داوای لە هاوڵاتیانی مەدەنی کردووە نزیک ئەو ئامانجانە نەکەونەوە و جەختیشی لەوە کردەوە ئەرکە سەربازییەکە لەگەڵ یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەکاندا یەک دەگرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG