سعودیە ڕایگەیاند شکستیان بە هەوڵێکی دزەپێکردنی 14.4 ملیۆن حەبی ئامفیتامین لە لوبنانەوە بۆ وڵاتەکە هێناوە، ئەمەش دوو مانگ دوای ئەوەی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانی لوبنانی قەدەغەکرد و ئاماژەی بەوەدا دزەپێکردنی ماددە هۆشبەرەکان زیادیکردووە.
دەزگای هەواڵی سعودیە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەدا بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی زەکات و باج و گومرگدا لە بەندەری جەددەی ئیسلامی دەستیگرتووە بەسەر حەبەکاندا کە لە ناو بارێکی ئاسندا شاردرابوونەوە.
وتیشی هاوڵاتیەکی سعودیش دەستگیرکراوە و ڕەوانەی بەڕێوبەرایەتی گشتی پۆلیس کراوە.
لە مانگی چواردا سعودیە بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانی لوبنانی قەدەغەکرد و ئاماژەی بەوەدا ئەو باری میوانەی لە لوبنانەوە هاتوونەتە وڵاتەکە بەکارهێندراون بۆ شاردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز