Accessibility links

پاشای سعودیە بۆ سەرۆک ترامپ: سوورین لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی فەڵەستین


دەزگای هەواڵی فەڕمی سعودیە بڵاویکردەوە لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز بە سەرۆک ترامپی ڕاگەیاندووە سعودیە سوورە لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ پرسی فەڵەستین.

ئەم پەیوەندییە تەلەفونیەی نێوان سەرۆک ترامپ و پاشای سعودیە دوای ڕێکەوتنە مێژووییەکەی نێوان ئیماڕات و ئیسڕائیل دێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

پاشا سەلمان بە سەرۆک ترامپی وت سعودیە پێشوازی لە هەوڵەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ خستنەوەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

دەزگاکە وتی " پاشای سعودیە پێزانینی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەو هەوڵانەی لەلایەن ئەمەریکاوە دەدرێن بۆ خستنەوەی ئاشتی. سعودیە سوورە لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ پرسی فەڵەستین و خستنەوەی ئاشتی کە ئەوەش هەوڵی سەرەکی سعودیە و دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبییە."

لە ساڵی 2002 دا سعودیە پێشنیاری دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی کرد و تیایدا وڵاتانی عەرەبی پێشنیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کرد لەگەڵ ئیسڕائیلدا، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئیسڕائیل لەگەڵ فەڵەستیندا ڕێکبکەوێت تاوەکو فەڵەستین دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت و ئیسڕائیلیش لە سەرجەم خاکە داگیرکراوەکان بکشێتەوە.

تاوەکو ئێستا سعودیە دانی نەناوە بە ئیسڕائیلدا، بەڵام لەم مانگەدا ڕایگەیاند ڕێگە دەدات گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئیماڕات و ئیسڕائیل ئاسمانی وڵاتەکە بەکاربهێنن.

لەلای خۆشیەوە وتەبێژی کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیدا بە پاشا سەلمانی وتووە پێشوازی لە بڕیارەکەی سعودیە دەکات بۆ کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکە بەڕووی گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئیماڕاتدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG