Accessibility links

سعودیە پەیوەندی بە ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای دەکات


کابینەی حکومەتی سعودیە ڕۆژی چوارشەممە بڕیارێکی پەسەند کرد بۆ پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهایەوە، لە کاتێکدا کە ڕیاز هاوبەشییەکی درێژ خایەن لەگەڵ چیندا بونیاد دەنێت، ئەمەش سەرەڕای نیگەرانییە ئاسایشییەکانی ئەمەریکا.

دەزگای هەواڵی سپای سعودیە بڵاویکردەوە سعودیە یاداشتێکی پەسەند کردووە کە تیایدا پێگەی هاوبەشی دیالۆگ دەدات بە شانشینەکە لە ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهایدا.

ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای یەکێتییەکی سیاسیی و ئاسایشە کە زۆربەی وڵاتانی یوراسیای تێدایە، هەریەک لە چین و هیندستان و ڕووسیاش لەخۆدەگرێت.

ڕێکخراوەکە لە ساڵی 2001 دا لەلایەن ڕووسیا و چین و وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیای پێشووی سۆڤیەتەوە پێکهێندرا، دواتر ڕێکخراوەکە فراوان بوو هەریەک لە پاکستان و هیندستانیش پەیوەندییان پێوە کرد، بە ئامانجی ئەوەی ڕۆڵێکی گەورەتر ببینێت بەرامبەر کاریگەرییەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا.

ساڵی ڕابردوو ئێرانیش بەڵگەنامەکانی واژۆ کرد بۆ ئەندامێتییەکی تەواو لە ڕێکخراوەکەدا.

سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزییان وت پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهایەوە لە سەردانەکەی سەرۆکی چین شی جین پینگدا لە مانگی دوانزەی ڕابردوودا بۆ سعودیە تاوتوێکراوە.

وتیشیان هاوبەشی دیالۆگ یەکەم هەنگاوە لە نێو ڕێکخراوەکەدا پێش ئەوەی ئەندامێتی تەواو بدرێت بە سعودیە.

بڕیارەکە دوای ڕاگەیاندنەکەی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعودیە دێت کە تیایدا وەبەرهێنانە ملیاران دۆلارەکەی لە چین زیاتر کرد.

پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ چیندا نیگەرانی ئاسایشی لێکەوتۆتەوە لە ئەمەریکا، واشنتن دەڵێت هەوڵەکانی چین بۆ دروستکردنی کاریگەریی لە سەرانسەری جیهاندا سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگۆڕێت.

سعودیە و وڵاتانی کەنداو نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە " کشانەوەی ئەمەریکای دابینکەری سەرەکی ئاسایش لە ناوچەکەدا " و هەوڵیانداوە هاوبەشییەکانیان جۆراوجۆر بکەن. واشنتن دەڵێت وەکو هاوبەشێکی چالاک دەمێنێتەوە لە ناوچەکەدا.

جێی ئاماژەیە لە مانگی هەشتی ئەم ساڵدا وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهایدا پلانییان هەیە " مەشقێکی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر " لە هەرێمی چێلیابینسکی ڕووسیادا ئەنجام بدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG