Accessibility links

فەڕەنسا و سعودیە کۆنگرەیەکی مرۆیی سەبارەت بە یەمەن ساز دەکەن


فەڕەنسا و سعودیە لە مانگی حەوتدا بەشدار دەبن لە میوانداریکردنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا لە پاریس بۆ هەڵسانگاندی پێویستییە مرۆییەکان بۆ ئەو وڵاتە و دەکرێت ببێتە هۆی زیندووکردنەوە دانوستانەکانی ئاشتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەپەرشتی دەکات.

هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە کە ڕۆژئاواش پشتیوانی لێدەکات لە ساڵی 2015 ەوە هێرشی ئاسمانی دژی حوسییەکانی یەمەن ئەنجام دەدەن بۆ گەڕاندنەوەی حکومەتی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات کە لە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە دانیپێدانراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 10 هەزار کەس لە جەنگی ناوخۆی بەردەوامی یەمەندا کوژراون و بۆتە هۆی کەوتنەوەی خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئانیس ڤۆن دێر مۆڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێستا پێکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان و یەمەن و نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەماهەنگی دەکەین بۆ چۆنێتی ڕێکخستنی ئەم کۆنگرەیە."

وتیشی " دەبێت ئەم کۆنگرەیە چاوی لە پێویستیە مرۆییەکان بێت و یارمەتیە پێشکەشکراوەکان هەڵبسەنگێنێت و دەبێت ڕێوشوێنی مرۆیی پێویست بگرێتە بەر بۆ باشکردنی ڕەوشی هاوڵاتییە مەدەنییەکان."

ئۆفیسی سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند کۆنگرەکە لە کۆتایی مانگی حەوتدا ساز دەکرێت. سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕێکخستنی کۆنگرەکەشەوە وتی وابڕیارە کۆنگرەکە لە 27 ی مانگی حەوتدا ساز بکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG