سەرچاوەیەکی سعودی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە شانشینی عەرەبستانی سعودیە بڕی 1.2 ملیار دۆلار دەدات بە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی یەمەن تا یارمەتی ئەو وڵاتە بدات لەو قەیرانە ئابوورییەی ڕووبەڕووی بووەتەوە.
شەڕەکە لەگەڵ حوسییەکانی سەر بە ئێران لە باکووری یەمەن لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو وەستاوە، بەڵام حکومەتی یەمەن کە سعودیە پشتیوانی لێدەکات و بنکەکەی لە عەدەنە، ڕووبەڕووی لاوازیی دراوەکەی و بەرزبوونەوەی نرخەکان بووەتەوە.
لەو کاتەوەی چەند هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی تێرمیناڵە نەوتییەکانی باشووری یەمەنییان کردە ئامانج، دۆخەکە بە تایبەتی لە عەدەن و باشووری یەمەن خراپتر بووە، ئەمەش وایکردووە حکومەت هەناردەکردنی نەوتی خاو لەوێوە ڕابگرێت.
سەرچاوە سعودییەکە ئاماژەی بەوەدا ئەو پشتیوانییە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی شەڕ و پێکدادانە سەربازییەکان.
وتیشی هەروەها هانی گفتوگۆکردن دەدات لە سەرجەم لایەنەکانەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر بۆ قەیرانی یەمەن.
بەرپرسێکی یەمەن وتی ئەو هاوکارییە بۆ پێدانی موچەکانی کارمەندانی حکومەت و سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبا و هاوردەکردنی خۆراک بەکاردەهێندرێت.
شەڕی یەمەن وەکو یەکێک لە چەندین شەڕی بە وەکالەتی نێوان ئێران و سعودیە سەیر دەکرێت، سعودیە و ئێران لە سەرەتای ئەم ساڵدا ڕێککەوتن لەسەر دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانییان.
حوسییەکان کە هاوپەیمانی ئێرانن، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014 دا حکومەتی یەمەنییان لە سەنعای پایتەخت دوورخستەوە کە لە لایەن سعودیەوە پشتیوانی لێدەکرا، باکووری یەمەنییان کۆنتڕۆڵ کردووە و دەڵێن دژی سیستمێکی گەندەڵ و دوژمنکاری دەرەکی وەستاونەتەوە.
حوسییەکان لە ساڵی 2015 ەوە دژی هاوپەیمانییەکی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە دەجەنگن، لە شەڕێکدا کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەس، لە سەدا 80 ی دانیشتوانی یەمەنیش پشتییان بە یارمەتییە مرۆییەکان بەستووە.
لە مانگی چواری ئەم ساڵدا بەرپرسانی سعودیە و عومان گفتوگۆی ئاشتییان لەگەڵ حوسییەکاندا ئەنجامدا لەکاتێکدا ڕیاز بە دوای ئاگربەستێکی هەمیشەییدا دەگەڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی سەربازیی لە شەڕی درێژخایەنی ئەو وڵاتەدا.
گفتوگۆکان لەسەر میکانیزمێک بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لە داهاتی نەوت و هەوڵەکان بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە و کاتێک بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکە چەقییان بەستووە.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز