Accessibility links

ئەندامانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا هەوڵدەدەن ئەمەریکا بکشێننەوە لە شەڕی یەمەن


بێرنی ساندەرس
بێرنی ساندەرس

سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا پلانی بەکارهێنانی یاسایەکیان ڕاگەیاند کە لەمێژە ئەو یاسایە دانراوە بۆ ئەوەی دەنگدانێک بکرێت لە ئەنجومەنی سیناتدا تاوەکو وڵاتەکە بکشێننەوە لە جەنگی ناوخۆی یەمەندا.

ئەندامانی ئەنجومەنی سینات مایک لی کۆماری و بێرنی ساندەرزی سەربەخۆ و کریس مێرفی دیموکرات وتیان یەکەمین هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ سوود وەرگرتن لە یاسایەکی بەهێزی جەنگ کە لە ساڵی 1973 دا دانراوە ڕێگە بە هەر ئەندامێکی ئەنجومەنی سینات دەدات بڕیارێک پێشنیار بکات سەبارەت بە کشاندنەوەی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لە هەر شەڕێکدا.

ئەم جووڵەیەش لەلایەن سێ سیاسەتمەدارەکەوە نوێترین ڕێوشوێنە لە جەنگی بەردەوامی نێوان کۆنگرێس و کۆشکی سپیدا سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی کاروباری ناکۆکییە سەربازییەکان.

ساندەرز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " پێمان وایە ئەم شەڕەی یەمەن دەستووری نیە و ڕێگە پێدراو نیە بۆ ئێمە بچینە ناویەوە، بەپێی ئەوەی کۆنگرێس جەنگی ڕانەگەیاندووە یان بڕیاری بەکارهێنانی هێزی سەربازیی نەداوە."

یاسادانەران بۆ ماوەی چەند ساڵێکە مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کۆنگرێس دەستبەرداری دەسەڵاتێکی زۆر زیاتر لە پێویست بووە بەسەر سوپادا و داویەتی بە کۆشکی سپی.

بەپێی دەستوور کۆنگرێس خاوەنی دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگە نەوەک سەرۆک.

سەرکردەکانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لە ساڵی 2001 دا بڕیاری شەڕیاندا دژی ڕێکخراوی قاعیدە و گروپەکانی سەر بەو ڕێکخراوە و ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ جەنگی ئەفغانستان و شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش لە سوریا.

بەڵام سیاسەتمەدارانی ئەنجومەنی سینات دەڵێن ئەو بڕیارە یەمەن ناگرێتەوە.

هێشتا ڕوون نیە بڕیارەکە چۆن دەبێت بەبێ پشتیوانی سەرکردایەتی کۆمارییەکان.

هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە لە ساڵی 2015 ەوە لەدژی حوسییەکانی یەمەن لە یەمەن دەجەنگێت لە هەوڵیدا بۆ گەڕاندنەوە سەرۆک عەبد ڕەب مەنسور هادی بۆ سەر دەسەڵات. ئەمەریکاش لەو جەنگەدا پشتیوانی لە سعودیە دەکات. ئێرانیش پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن دەکات.

هەمیشە قوربانییە مەدەنییەکانی ئەو جەنگە نیگەرانی خستۆتە ناو کۆنگرێسی ئەمەریکاوە و هەڕەشەی بەربەست خستنە بەردەم یارمەتییەکانیان کردووە بۆ هاوپەیمانێتییەکە.

هێزەکانی ئەمەریکا فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتییەکە پڕدەکەنەوە لە سوتەمەنی و هەروەها هەندێک یارمەتیشیان دەدەن لەڕووی پێدانی زانیاری هەواڵگرییەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکی ڕەتیان کردەوە ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لە یەمەن دیاریبکەن و هۆکاری ئەوەشیان گەڕاندەوە بۆ هۆکاری ئەمنی.

جێی ئاماژەیە جەنگی یەمەن تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەس و زیاتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی بێ ماڵ و حاڵ کردووە و یەمەنی بەرەو قەیرانی برسێتی بردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG