Accessibility links

پاشای سعودیە سەردانی ڕوسیا دەکات


ڕۆژی پێنجشەممە لە یەکەم سەردانیدا پاشای سعودیە سەردانی ڕوسیا دەکات و لەمیانەی سەردانەکەدا لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆدەبێتەوە و واچاوەڕواندەکرێت باس لە هاریکاریی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و ناکۆکییەکان سەبارەت بە سوریا و ئێران بکەن.

هەروەها واچاوەڕواندەکرێت زنجیرەیەک لە ڕێکەوتنی وەبەرهێنان واژۆ بکرێن، لەوانەش پڕۆژەی گازی سروشتی و وێستگەکانی پیترۆکیمیایی. هەروەها لەوانەشە پلانی دروستکردنی سندووقی یەک ملیار دۆلاری تەواو بکرێت بۆ وەبەرهێنانەکانی پڕۆژەکانی ووزە.

سەردانەکە ڕەنگدانەوەی باشبوونێکی خێرای پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیە ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە دەیانەوێت کەمبوونەوەی نرخی نەوتی جیهان بوەستێنن.

دوو وڵاتەکە یارمەتیدەر بوون لەوەی ڕێکەوتنێک ئەنجام بدەن لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە نەوت بەرهەم دەهێنن و ئەو بەرهەمهێنەرانەشی لە دەرەوەی ئەو وڵاتانە نەوت بەرهەم دەهێنێت، ڕێکەوتنەکەش ئەوەیە بەرهەمهێنانی نەوت هەتاکوو مانگی سێی ساڵی 2018 کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز ببێتەوە، سەرەڕای ئەوەش کە سعودیە و ڕوسیا پشتیوانی لە لەلایەنی جیا جیا دەکەن لە شەڕی ناوخۆی سوریادا.

سعودیە پشتیوانی لە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکات کە لەدژی هێزەکانی حکومەتی سوریا دەجەنگێن لەکاتێکدا هێزەکانی ڕوسیا و چەکدارانی ئێران پشتیوانی لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەکەن. ئەمەش مۆسکۆ دەخاتە پاڵ ئێرانەوە کە دووژمنێکی سەرسەختی سعودیەیە و سعودیە لەوە دەترسێت ئێران دەسەڵاتەکانی لەناوچەکەدا زیاتر ببێت.

مارک ئین کاتزی شارەزا لە پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە زانکۆی جۆرج مەیسن وتی " سعودییەکان دەیانەوێت یارمەتی بدەن سەبارەت بە ئێران و ڕوسیاش بازرگانی و وەبەرهێنانی دەوێت."

وتیشی " لەلای سعودیەکان ئەو دوو شتە بەیەکەوە بەستراون و ڕوسیاش هەوڵدەدات جیایان بکاتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG