Accessibility links

ئەردەن دەڵێت دووبارە کردنەوەی خاڵی سنووری نەسیب لەگەڵ سوریادا پێویستی بە گفتوگۆکردنی زیاتر هەیە


وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفەدی

ئەردەن وتی پێویستە پێش دووبارە کردنەوەی خاڵی سنووری بازرگانی نەسیب گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ سوریادا بکرێت کە ماوەی سێ ساڵە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە داخراوە.

لە ساڵی 2015 دا خاڵی سنووری نەسیب داخرا، نەسیب گرنگترین خاڵی سنووری بازرگانییە کە ڕۆژانە سەدان بارهەڵگر بەرەو تورکیا و وڵاتانی کەنداو هاتوچۆیان دەکرد، ساڵانە بڕی ملیاران دۆلار دەستکەوتەکەی بوو.

لە مانگی حەوتدا حکومەتی سوریا خاڵە سنوورییەکەی کۆنتڕۆڵکردەوە و هیوادارە بەهۆی گرنگییەکەیەوە دووبارە ڕێگەکان بکرێنەوە، ئەمەش بەهیوای ئەوەی لەگەڵ کردنەوەی خاڵە سنوورییەکەدا ئابووری وڵاتەکە ببوژێتەوە و دووبارە ئەو ناوچانە بنیاد بنێتەوە کە کۆنتڕۆڵی کردوونەتەوە.

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەردەن ئەیمەن سەفەدی وتی لیژنەی هونەری هەردوو وڵات کە لە ناوەڕاستی مانگی نۆدا دەستیان کردووە بە گفتوگۆکردن هێشتا ڕێکخستنەکانیان تەواو نەکردووە.

ئەیمەن سەفەدی لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتا لوبنانیەکەیدا وتی " هێشتا گفتوگۆکان بەردەوامن و کاتێک لیژنەکانی هەردوو وڵات بەپێی بەرژەوەندیی هەردوولا گفتوگۆ و هەموو ڕێکخستنەکان و ڕێوشوێنە پێویستەکان تەواو دەکەن، ئەو کاتە خاڵە سنوورییەکە دەکرێتەوە."

وەزیری دەرەوەی لوبنان جوبران باسیل لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەردەن داوای لە سەفەدی کرد پەلە بکەن لە دووبارە کردنەوەی خاڵە سنوورییەکە و وتی ئەوە هەنگاوێک دەبێت بەرەو ئارامی و سەقامگیری لە وڵاتەکەدا.

باسیل وتی " هیوایەکی گەورەمان هەیە لەسەر ئەوەی بەمزووانە خاڵە سنووریەکە بکرێتەوە و جووڵە بازرگانی وەکو جاران دەست پێبکاتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG