Accessibility links

ڕوسیا: بڕیاری ئەوەمان نەداوە موشەکی ئێس-300 بدەین بە سوریا


وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگەی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگەی لاڤرۆڤ

دەزگای هەواڵی تاسی ڕوسیا لە زاری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤەوە بڵاویکردەوە وڵاتەکەی هێشتا بڕیاری نەداوە سیستمی موشەکی پێشکەوتوو لە جۆری ئێس-300 بدات بە سوریا، وتیشی کاتێک ئەو بڕیارە درا ئەوا ڕایدەگەیەنین.

ڕۆژنامەی کۆمەرسانتی ڕوسی لە سەرچاوە سەربازییەکانەوە بڵاویکردەوە ڕوسیا لەوانەیە لە داهاتوودا دەست بکات بە پێدانی موشەکی ئێس-300 ی دژە فڕۆکە بە سوریا. کرێملینیش ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر ئەو هەواڵە بدات.

لاڤرۆڤ ڕۆژی هەینی وتی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر سوریا وای کردووە کە ڕوسیا دوودڵ نەبێت لە پێدانی سیستمی موشەکی بە بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی.

دەزگای تاس لە زاری لاڤرۆڤەوە بڵاویکردەوە " دەبێت چاوەڕێ بکەین و بزانین بڕیارەکانی سەرکردایەتی ڕوسیا و نوێنەرانی سوریا چی دەبێت."

وتیشی " ئەو شتە بە نهێنی نابێت و ئاشکرای دەکەین."

ڕۆژنامەی کۆمەرسانت ڕۆژی دووشەممە لە زاری شارەزایانەوە بڵاویکردەوە کە پێیان وایە ئیسڕائیل بەشێوەیەکی نەرێنی وەڵامی ئەو بڕیارەی ڕوسیا دەداتەوە بۆ پێدانی موشەک بە سوریا و لەوانەیە ئەو ناوچانە بۆمباران بکات کە سیستمی موشەکی تێدا بڵاودەکرێنەوە.

سیاسەتمەدارێکی ڕوسی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ئیسڕائیل داوای لە مۆسکۆ کردووە موشەکی ئێس-300 نەدات بە سوپای سوریا. وتەبێژی حکومەتی ئیسڕائیلیش ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر بابەتەکە بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG