Accessibility links

ئاگربەستەکەی ڕوسیا هیچ کاریگەرییەکەی نیە لەسەر شەڕی سوریا


سەرەڕای ئاگربەستەکەی ڕوسیا فڕۆکە جەنگییەکانی سوریا ڕۆژی سێشەممە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵاتیان بۆمبارانکرد لەکاتێکدا دیمەشق چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی ڕێڕەوە پارێزراوەکەیان بۆ هاتنە دەرەوە لە ناوچەکە بۆمبارانکردووە سەرەڕای داواکەی ڕوسیا بۆ وەستاندنی شەڕ.

دووان لە دانیشتوانی ناوچەکە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان وت فڕۆکە جەنگییەکانی سوریا و فڕۆکە هێلیکۆپتەرەکان هێشتا بۆمبارانی ناوچەکە دەکەن سەرەڕای ئاگربەستەکەی ڕوسیا. کۆمەڵەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە داوە کە هێشتا هێرش دەکرێتە سەر ناوچەکە بەڵام سەرچاوەیەکی سەربازیی سوریا ئەوەی ڕەت کردەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا شەڕە بەردەوامەکە بۆتە هۆی ئەوەی مەحاڵ بێت یارمەتییەکان بگەیەنن و بریندارەکان ڕزگار بکەن.

وتەبێژی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی یانس لایرکە لە جنێڤ وتی " ڕاپۆرتمان بەدەست گەیشتووە ئاماژە بە بەردەوامیی شەڕ دەدەن لە غوتەی ڕۆژهەڵات."

وتیشی " دیارە کە ڕەوشەکە ڕێگە نادات بەوەی کاروانی یارمەتییەکان بگەنە ئەوێ و بریندارەکان ڕزگار بکرێن."

وتەبێژی بەرگری مەدەنی سوریا سیراج مەحمود وتی ناوچەکە هێشتا لەژێر بۆمبارانی تۆپهاوێژەکان و هێرشە ئاسمانییەکاندایە.

XS
SM
MD
LG