Accessibility links

لە هێرشێکدا بۆ سەر خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا 14 کەس دەکوژرێن


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی یەکشەممە هۆشداریدا و وتی ڕووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانی بە درێژایی سنووری باکووری وڵاتەکە، ئەمە لە کاتێکدا کە ژمارەی کوژراوەکان لە هێرشە ئاسمانییەکەی ڕووسیادا بۆ سەر کۆگایەکی گەورەی کەرەستەی بیناسازی لە شاری خارکیڤ بەرز بووەوە بۆ 14 کەس.

فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ ئۆلی سینیهوبۆڤ دوای هێرشە ئاسمانییەکەی دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بۆ سەر خارکیڤ وتی هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی 42 کەس و بێسەروشوێنبوونی 16 کەسی دیکە.

زێلێنسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە خارکیڤەوە وتی ڕووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشەکانی لە 99 کم لە باکووری ڕۆژئاوای خارکیڤی دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیاوە. وتی ڕووسیاییەکان " گروپێکی دیکەی هێزەکانییان لەسەر سنوورەکەمان کۆکردووەتەوە."

زێلێنسکی بە دیاریکراوی ئاماژەی بەوە نەدا ئەو هێزانەی ڕووسیا لە کوێ کۆکراونەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئۆکرانیا نیگەرانییەکی زۆرییان دەربڕیوە سەبارەت بە هەریمی سومی. شارەکانی سومی و خارکیڤیش کە نزیکەی 250,000 کەسییان تێدایە نزیکەی 25 کم لە سنووری ڕووسیاوە دوورن.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هێزەکانی ڕووسیا لە چوارچێوەی فشارێکی بەرفراوانتردا چەند گوندێکی ناوچەی خارکیڤییان کۆنتڕۆڵ کردووە، شڕۆڤەکانیش دەڵێن ڕەنگە هەوڵی ئەوە بدەن بگەنە مەودایەک کە تۆپهاوێژەکانییان بتوانن لەو مەودایەوە لە شارەکە بدەن. بەرپرسانی ئۆکرانیا لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکەی ڕووسیاوە لە 10 ی مانگی پێنجەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 11,000 کەسییان لەو هەرێمەدا گواستووەتەوە.

شەوی ڕابردوو ڕووسیا هێرشێکی فراوانی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر زۆربەی ناوچەکانی ئۆکرانیا. بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە بەرپەرچی 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید و 21 موشەکی کروزییان داوەتەوە کە ڕووسیا دژی هەرێمەکانی میکۆلایڤ و ئۆدێسا و دنیپرۆپیترۆڤسک و پۆڵتاڤا و خمیلنیتسکی و کیرۆڤۆهراد و ڤینیتسیا و چێرنیهیڤ هەڵیداون.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی ڕووسیا 14 موشەک و زیاتر لە دوانزە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵداوە. بەڵام ڕوون نیە موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان چەندێک زیانییان هەبووە.

فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیا کە دەکەوێتە سەر سنووری ئۆکرانیا وتی شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی ئۆکرانیادا چوار کەس بریندار بوون. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر هەرێمی کورسک و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر هەرێمی ئۆریۆڵدا خراونەتە خوارەوە، هەردوو هەرێمەکە دەکەونە باکووری بێلگۆرۆدەوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG