Accessibility links

دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر باشووری سوریا دوای شکستهێنانی دانوستاندنەکان


دانیشتوان و ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتیان هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا بۆ سەر باشووری ڕۆژئاوای سوریا ڕۆژی چوارشەممە دەستیان پێکردۆتەوە دوای ئەوەی وتەبێژی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایگەیاند دانوستاندنەکان شکستیان هێناوە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ سەر ناوچەکە بەشێوەیەکی ئاشتیانە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند هێرشە ئاسمانییەکان هەردوو شارۆچکەی تەفسی باکووری ڕۆژئاوای شاری دەرعا و سەیدای ڕۆژهەڵاتی شارەکەی گرتۆتەوە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد ئەرکێکی سەربازیی دەست پێکرد لە باشووری ڕۆژئاوای سوریا بە پشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندان و تا ئێستا خاکێکی زۆری ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵکردۆتەوە.

ڕوانگە وتیشی ئێوارەی ڕۆژی شەممە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا ڕاگیراون بەهۆی دانوستاندنەکانەوە. دانیشتوان و ڕوانگە وتیان ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بەرمیلی پڕ لە تەقەمەنی لە ئاسمانەوە خراونەتە خوارەوە بەسەر سەیدادا.

لە ڕۆژی شەممەوە ئۆپۆزسیۆن دانوستاندن لەگەڵ ڕوسیادا دەکات لە هەوڵیدا بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕ و ڕازیی ببن بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ناوچەکە، بەڵام نەیانتوانیوە لەسەر مەرجەکان ڕێکبکەون.

ئەبو شەیمائی وتەبێژی ژووری ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکان کە نوێنەرایەتی سوپای سوریای ئازاد دەکات لە دانوستاندنەکان لەگەڵ ڕوسیا وتی " دانوستاندنەکان لەگەڵ ڕوسیای دوژمندا لە بەسڕای شام شکستیان هێناوە."

وتەبێژی ئۆپۆزسیۆن ئیبراهیم ئەلجەباوی وتی دانوستاندنەکان شکستیان هێناوە لەوەی بگەنە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕوسیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG