Accessibility links

ڕوانگەی سوری: لە هێرشە ئاسمانیەکانی ڕوسیادا بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای سوریا 23 هاوڵاتی مەدەنی کوژران


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای سوریا لە ڕۆژی سێشەممە بۆتە هۆی کوژرانی 23 هاوڵاتی مەدەنی، ئەمەش لەکاتێکدایە هێرشەکانی حکومەتی سوریا و هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئەو ناوچانە چڕبوونەتەوە کە کۆتا شوێنی سەرەکی جیهادییەکان و گروپە چەکداریەکانن.

لەلای خۆیەوە دەزگای هەواڵی فەڕمی سوریا سانا ئاماژەی بەوەدا هێرشە موشەکییە تۆڵەسەندنەوەکانی جیهادییەکان و گروپە چەکدارییەکان لە نزیک شاری حەلەب بوونەتە هۆی کوژرانی سێ هاوڵاتی مەدەنی دیکە.

ڕوانگەی سوری ئاماژەی بە کوژرانی 10 هاوڵاتی مەدەنی دیکەدا کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای حەلەب کوژراون و لەنێویاندا خێزانێکی هەشت کەسی تێدایە کە شەش کەسیان منداڵ بوون.

بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدولڕەحمان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " یەکێک لە هێرشە ئاسمانییەکان ماڵێکی کردۆتە ئامانج لە قەراغ گوندی کەفرتعال، لە ئەنجامدا تەواوی خێزانەکە کوژراون و شەش کەسیان منداڵ بوون."

هەروەها بەپێی ڕوانگەی سوری، دوو هاوڵاتی دیکە لە هێرشە ئاسمانییەکاندا بۆ سەر پارێزگای ئیدلب کوژراون.

دواتر ڕوانگە کوژرانی 11 هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیادا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای حەلەب و باشووری پارێزگای ئیدلب ڕاگەیاند، بەوەش کۆی کوژراوان گەیشتە 23 کەس و 13 کەسیان منداڵن."

عەبدولڕەحمان وتی " هێرشە ئاسمانیەکان بۆ سەر پارێزگای ئیدلب و بەتایبەتی ڕۆژئاوای شاری حەلەب سێ ڕۆژیان خایاندووە و هێرشەکانیش ڕوسیا ئەنجامیداون."

وتیشی " ئەوان دەیانەوێت جیهادییەکان و گروپە چەکدارەکان لە شاری حەلەب و ڕێگای نێوان حەلەب و دیمەشق دووربخەنەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG