Accessibility links

ڕوسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر پارێزگای ئیدلب زیاد دەکات


فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئەو شار و شارۆچکانە چڕ کردەوە کە لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندان لە پارێزگای ئیدلبی باکووری سوریا دوای ئەوەی ڕۆژێک لەمەوبەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن فڕۆکەیەکی جەنگی ڕوسیان خستە خوارەوە و سەرکردەکەیان کوشت.

سەرچاوەکانی بەرگری مەدەنی وتیان هێرشە ئاسمانییەکان هەردوو شارۆچکەی کەفر نەبل و مەعسەرانیان بۆمباران کردووە لەگەڵ سەراقیب و مەعرە نوعمان و ئیدلب، هەروەها لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا خەڵکانێکی زۆر کوژراون و دەیان برینداری لێکەوتۆتەوە.

شایەتحاڵان و دانیشتوانان دەڵێن لە ئەنجامی هێرشەکاندا نەخۆشخانەیەک لە مەعرە نەعمان بەرکەوتووە، هەروەها ترسی ئەوە هەیە کە بەلایەنی کەمەوە پێنج کەس کوژرابێتن لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر بینایەکی دانیشتوان لە کەفر نەبل.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تیمەکانی فریاکەوتندا دەردەکەوێت پیاوانی بەرگری مەدەنی منداڵ لەژێر پاشماوەکانی نەخۆشخانەکە دەهێننە دەرەوە کە هێرشی کراوەتە سەر لە کاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن لەوێ هەوڵیانداوە ئاگرەکە بکوژێننەوە.

شایەتحاڵێکی دیکە لە پارێزگای ئیدلب وتی بینایەکی پێنج نهۆمی وێران بووە و ترسی ئەوە هەیە بە لایەنی کەمەوە 15 کەس گیانیان لەدەستدا بێت.

جێی ئاماژەیە لە مانگی دوانزەدا سوپای سوریا بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی ڕوسیا و ئێران هێرشێکی گەورەیان کردە سەر خاکەکانی پارێزگای ئیدلب کە کۆتا شوێنە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا مابێتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایانگەیاند فڕۆکەیەکی ڕوسی لە جۆری سوخۆی-25 ڕۆژی شەممە خراوەتە خوارەوە لە ناوچەیەکدا کە شەڕێکی توندی تێدا بووە و هێرشە ئاسمانییەکانیش بۆ سەر ئەو ناوچەیە چڕ بوون.

ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەسەد تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بەرپرسە لە کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانیەکانیدا دوای ئەوەی لە ساڵی 2015 دا ڕوسیا بڕیاریدا شان بەشانی حکومەتی سوریا بجەنگێت.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیاش ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج و دەڵێت هیچ کەس ناکاتە ئامانج تەنها چەکدارە ئیسلامییە توندڕەوەکانی ناو سوریا نەبێت.

پیاوانی تیمەکانی فریاکەوتن دەڵێن لە هێرشە ئاسمانیەکانی ڕۆژی شەممەدا لە خان سوبول نزیک ئەو شوێنەی کە فڕۆکەکەی لێ کەوتە خوارەوە دەیان هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و لەنێویاندا منداڵیش هەبووە. لیژنەی بەرگری مەدەنی ناوخۆیی وتی لاشەی خێزانێک کە لە حەوت ئەندام پێکهاتوون لە ژێر پاشماوەکاندا لە شارۆچکەی مەعسەران هێنراونەتە دەرەوە.

جێی ئاماژەیە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشیاریانداوە لەسەر ئەوەی شەڕەکە نزیک ئەو ناوچانە ببێتەوە کە دانیشتوانی چڕن لە ئیدلب کە لەوێ دوو بۆ سێ ملیۆن خەڵک دەژی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG