Accessibility links

ڕووسیا بەڵێن دەدات هێرشەکانی سەر کیێڤ کەم بکاتەوە


Ukraine-Russia talks in Istanbul

ڕووسیا بەڵێنیدا ئەرکە سەربازییەکانی لە دەوروبەری کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و شارێکی دیکە کەم بکاتەوە، بەڵام ئەمەریکا هۆشداریدا و وتی هەڕەشەکە هێشتا تەواو نەبووە و ئۆکرانیاش پێشنیاری بێلایەنی کرد وەکو ئاماژەیەک بۆ بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆ ڕاستەوخۆکاندا.

گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستەنبوڵی تورکیا بەڕێوەچوون، ئەمەش دوای زیاتر لە مانگێک لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس، هەروەها 4 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانیای ناچار کردووە وڵاتەکە جێبهێڵن و هاوکات ئابووری ڕووسیاش بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.

جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیا ئالیکساندەر فۆمین بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بڕیارێک دراوە بۆ کەمکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکان لە کیێڤ و ئاڕاستەکانی چێرنیهیڤ."

بەڵام ئاماژەی بەو ناوچانەی دیکەی ئۆکرانیا نەدا کە لەژێر گەمارۆدان و بەردەوام بۆردومان دەکرێن، لەوانەش شاری ماریوپۆڵ لە باشووری ڕۆژهەڵات و شاری سومی و خارکیڤ لە ڕۆژهەڵات و شاری خێرسۆن و میکۆلایڤ لە باشووری ئۆکرانیاوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی ڕووسیا دەستیکردووە بە جوڵەپێکردنی ژمارەیەکی کەم لە سەربازەکانی لە دەوروبەری کیێڤ، ئەم جوڵەیەی ڕووسیاش زیاتر لە گۆڕینی شوێنی هێزەکان دەچێت وەک لە کشانەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی وتی " ئەوە مانای ئەوە نیە هەڕەشەکانی سەر کیێڤ کۆتاییان پێهاتووە."

لەلای خۆیەوە شاندەکەی ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ ڕووسیادا وتی پێشنیاری ئۆکرانیا ئەوە بووە کە کیێڤ ڕازی دەبێت نەچێتە پاڵ هیچ هاوپەیمانێتیەکەوە و میوانداری هیچ هێزێکی بیانی نەکات، بەڵام گرەنتی ئاسایشی دەدرێتێ کە هاوشێوەی " بەندی پێنجی " هاوپەیمانێتی ناتۆیە.

وتی ئیسڕائیل و ئەندامانی ناتۆ و کەنەدا و پۆڵەندا و تورکیا ئەو وڵاتانە دەبن کە ئەو گرەنتییە ئاسایشیانە دەدەن بە ئۆکرانیا، ئەمەریکا و ڕووسیا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیاش دەتوانن بەشدار بن.

بەپێی پێشنیارەکەی ئۆکرانیا، چارەنووسی هەرێمی دۆنباس کە ڕووسیا داوا لە ئۆکرانیا دەکات ڕادەستی جیاخوازەکانی بکات، لەلایەن ڕابەرانی ئۆکرانیا و ڕووسیاوە تاوتوێ دەکرێت.

بەرپرسی شاندەکەی ڕووسیا لە گفتوگۆکان ڤلادیمیر مێدینسکی وتی لە پێشنیارەکەی ئۆکرانیادا ئاماژە بەوە دراوە ڕووسیا نابێت ڕێگری لە ئۆکرانیا بکات لە چوونە پاڵ یەکێتی ئەوروپادا. لە ڕابردوودا ڕووسیا دژایەتی هەوڵەکانی ئۆکرانیای کردووە بۆ چوونە پاڵ یەکێتی ئەوروپا و بەتایبەتی هاوپەیمانێتی ناتۆ.

مێدینسکی وتی شاندەکەی ڕووسیا تاوتوێی پێشنیارەکان دەکات و ڕەوانەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنیان دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز


XS
SM
MD
LG