Accessibility links

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا: ڕووسیا بە موشەکی کروز لە شاری لڤیڤ دەدات


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە وتی ڕووسیا لەڕێی موشەکی کروزەوە ئامانجە سەربازییەکانی شاری لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیای بۆردومان کردووە.

وەزارەتەکە وتی هێزەکانی ڕووسیا بە موشەکی مەودا درێژ کۆگایەکی سوتەمەنییان کردۆتە ئامانج کە هێزەکانی ئۆکرانیا لەنزیک لڤیڤ بەکارییان هێناوە، هەروەها ڕووسیا موشەکی کروزیشی بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجکردنی وێستگەیەک لە شارەکەدا کە بۆ دروستکردنی موشەکی دژە فڕۆکە و وێستگەی ڕادار و دووربینی تانکەکان بەکارهێندراوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئیگۆر کۆناشینکۆڤ لە بەیاننامەیەکدا وتی " هێزە چەکدارەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا وەکو بەشێک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکە بەردەوامن لە هێرشەکانیان."

وەزارەتەکە گرتە ڤیدیۆیەکیشی پیشاندا کە تیایدا موشەکەکان لە شاری لڤیڤ دەدەن.

بەرپرسانی ئۆکرانیا لە لڤیڤ کە تەنها 60 کیلۆمەتر دوورە لە سنووری پۆڵەندای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆوە، وتیان بەهۆی هێرشە موشەکییەکانەوە هاوڵاتیانی مەدەنی برینداربوون.

وەزارەتەکە وتیشی ڕووسیا موشەکی مەودا درێژی لە دەریاوە هەڵداوە بۆ لەناوبردنی کۆگایەکی موشەکی ئێس – 300 و سیستمی موشەکی دژە فڕۆکەی بوک لەنزیک کیێڤ. ئاماژەشی بەوەدا هێزەکانی ڕووسیا ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشیان خستۆتەخوارەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG