Accessibility links

کرێملن ڕەخنەکانی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە ئیدلبی سوریا ڕەت دەکاتەوە


وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ

کرێمل وەڵامی ڕەخنەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی دایەوە سەبارەت بە هێرشەکانی ڕوسیا و سوریا بۆ سەر پارێزگای ئیدلبی سوریا و وتی ئەو هێرشانە پێویستن بۆ وەستاندنی هێرشەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەکەدا.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک ترامپ داوای لە ڕوسیا و سوریا کرد بۆردومانکردنی ئیدلب ڕابگرن، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی کرێملن بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بە پشتیوانی سەربازیی مۆسکۆ دا لە هێرشەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر ئیدلب کە ماوەی مانگێکە بەردەوامە.

هێرشەکانی ڕوسیا و سوریا ترسی کەوتنەوەی قەیرانی مرۆیی لێکەوتەوە هاوکات لەگەڵ ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی سوری بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لەسەر سنووری تورکیا. بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەستپێکی هێرشەکانەوە لە کۆتای مانگی چوارەوە تا ئێستا زیاتر لە 200هەزار هاوڵاتی ناوچەکەیان جێهێشتووە.

وتەبێژی کرێملن دیمتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت چەکدارەکان ئیدلب وەکو بنکەیەکی سەربازیی بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنی و سەربازییەکان، وتیشی ئەوە جێی قبوڵکردن نیە.

پێسکۆڤ وتی " بێگومان هێرشی چەکدارەکان جێی قبوڵکردن نیە، ڕێوشوێن دەگیردرێتەبەر بۆ پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی کە هێرشەکانیان لێوە ئەنجام دەدرێت."

وتیشی بەرپرسیارێتی ڕوونەدانی ئەمجۆرە هێرشانە دەکەوێتە سەر شانی تورکیا، ئەمەش بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی کە لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا ڕوسیا و تورکیا واژۆیان کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG