Accessibility links

وەزیری وزەی ڕوسیا دەڵێت لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەمەریکادا کۆبۆتەوە و باسیان لە سزاکان کردووە


وەزیری وزەی ڕوسیا ئەلکساندەر نۆڤاک
وەزیری وزەی ڕوسیا ئەلکساندەر نۆڤاک

وەزیری وزەی ڕوسیا ئەلیکساندەر نۆڤاک وتی چاوی بە وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن کەوتووە و باسیان لە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕوسیا کردووە.

ڕوسیا یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوتی خاو و گازی سروشتی لە جیهاندا و ئەمەریکا داوا لە بەرهەمهێنەرانی وزە دەکات لە جیهاندا بەرهەمەکانیان باشتر بکەن بۆ وەستاندنی زیادبوونی نرخەکان.

نۆڤاک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن وتی " کۆبووینەوە. باسمان لە بابەتەکانی وزە و کۆمەڵێک بابەتی دیکە کرد. هەروەها باسمان لە سزاکانیش کرد. ناتوانین خۆمان بەدوور بگرین لەم باسە قورسانە بۆیە بەدڵنیاییەوە لەمیانەی کۆبوونەوەکەماندا گفتوگۆمان لەسەر کردن."

نۆڤاک وتیشی لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمەریکا ڕیک پێریشدا کۆبۆتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هاریکارییەکان لە بواری وزەدا.

جێی ئاماژەیە کۆنگرێسی ئەمەریکا لە مانگەکانی پێشوودا سزای سەپاند بەسەر ڕوسیادا و یەکێک لە سزاکان ئەوەیە کە ڕێگە نەدات بە کۆمپانیاکان بەشدار بن لە پڕۆژەکانی بۆرییە نەوتییەکانی ڕوسیادا و هەروەها بەشدار نەبن لە هەوڵەکاندا بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گازی ڕوسی.

ئامانج لە سەپاندنی سەپسزاکان سزادانی ڕوسیایە بەهۆی داگیرکردنی دورگەی کریمیای ئۆکرانییەوە لە ساڵی 2014 دا و هەروەها بەهۆی دەستوەردانەکەیەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا لە ساڵی 2016، مۆسکۆش ڕەتی دەکاتەوە دەستی وەردابێتە ئەو هەڵبژاردنانەوە.

ڕوسیا بەشێوەیەکی گشتی پشتی بەستووە بە بۆرییە نەوتییەکانیی بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانی نەوت بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا و سووریشە لەسەر پەرەپێدانی وزەی یەدەگی لە قوتبی باکوور.

نۆڤاک لە ماوەی ڕابردوودا وتی پێویستە لەسەر ئەمەریکا ڕێگە نەدات بە سەپاندنی ئەم جۆرە سزایانە بەبێ ئەوەی دەنگدانی لەسەر بکرێت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لەوێ ڕوسیا ئەندامێکی هەمیشەیی ئەو ئەنجومەنەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG