Accessibility links

کرێملن: سزا چاوەڕوانکراوەکانی ئەمەریکا هەوڵێکە بۆ کارتێکردنە سەر هەڵبژاردنەکان


دیمیتری پێسکۆڤ

کرێملن وتی سزا نوێیە چاوەڕوانکراوەکانی ئەمەریکا کە وابڕیارە ڕاپۆرتێک لە بارەیەوە دەربچێت هەوڵێکە بۆ کارتێکردنە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕوسیا کە وابڕیارە لە مانگی سێدا ئەنجام بدرێت، بەڵام هەوڵێکی شکستخواردوو دەبێت.

وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی هەر کە ڕاپۆرتەکە بڵاوکرایەوە ڕوسیا وردبینی بۆ دەکات.

واچاوەڕواندەکرێت ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕاپۆرتێک بڵاوبکاتەوە تیایدا ئەو بوارانە دەخاتە ڕوو کە دەکرێت سزاکانی سەر ڕوسیا فراوانتر بکرێت.

هەروەها کرێملن وتیشی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ئەلێکسی ناڤاڵنی بە هەڕەشەیەکی سیاسیی نازانێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکاندا و ئەو خۆپیشاندانانەی کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکی خستبوون گەورە نەبوون.

پێسکۆڤ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی وادیار نیە کە هیچ کەسێک بتوانێت ڕکابەری سەرۆک ڤلادیمێر پوتن بکات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕوسیا کە لە 18ی مانگی سێدا ئەنجام دەدرێت، پێشبیینییەکانیش وای بۆ دەچن کە پوتن بە ئاسانی لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG