Accessibility links

ڕوسیا دەڵێت کۆمەڵێک ڕێوشوێنی هەیە دەتوانێت دژی ئەمەریکا بەکاری بهێنێت


جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی ڕیابکۆڤ

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی ڕیابکۆڤ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیزڤێستیادا وتی وڵاتەکەی کۆمەڵێک رێوشوێنی توندی هەیە کە دەتوانێت دژی ئەمەریکا بەکاری بهێنێت لە جەنگی سزاکانی نێوانیاندا بەڵام لە ئێستا لە ئامادەباشیدا دەمێنێتەوە.

جێی ئاماژەیە لە جەنگی ساردەوە پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکا چۆتە خراپترین ئاستیەوە بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە سەبارەت بە سوریا و ئۆکرانیا و ئەو هەواڵانەی ئەمەریکا کە دەڵێن ڕوسیا دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا مانگی ڕابردوو لیستێکی بڵاوکردەوە کە بەپێی ئەم لیستە ئەم کەسایەتیانە لە کرێملنەوە نزیکن، لەوانەش کەسایەتی باڵای کاری ڕوسیا و بەڕێوبەری گەورەترین دوو بانکی وڵاتەکە و کەسایەتی گرنگ لە بواری کانزا و بەڕێوبەری کۆمپانیای حکومی لە بواری غازدا.

لیستەکە کە ناوی 210 کەسی تێدایە و 96 کەسیان گەورە پیاوانی کارن کە سەروەتەکانیان دەگاتە ملیار دۆلار یان زیاتر، خرانە لیستی سزاکانەوە و لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا واژۆی لەسەر کراوە.

ڕیابکۆڤ بە ڕۆژنامەی ئیزڤێستیای وت ڕوسیا پێشتر وەڵامی ئەمەریکای داوەتەوە بە وەستاندنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکان و فراوانکردنی لیستی ئەو سیاسەتمەدارە ئەمەریکییانەی کە ڕوسیا پێی وایە دژی وڵاتەکەن و هەروەها بە دەرکردنی فەرمانی ڕەوانەکردنەوەی نیوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ بۆ وڵاتی خۆیان.

وتیشی " هێشتا ڕێوشوێنی لەو جۆرەمان هەیە، بەڵام چالاککردنی ئەو ڕێوشوێنانە بەندە بە بڕیاری سیاسیی جیاوە."

وتی بڕیاردان لەسەر ئەم جۆرە بڕیارانە دەبێت لە سەرۆک ڤلادیمێر پوتنەوە دەربچێت دوای ئەوەی کۆمەڵێک فاکتەر هەڵدەسەنگێنرێن.

ڕیابکۆڤ وتیشی " دەبێت کۆمەڵێک فاکتەر هەڵبسەنگێنین."

سەرەڕای پەیوەندییە خراپەکانی نێوانیان ڕیابکۆڤ وتی مۆسکۆ هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئەمەریکادا ڕێبکەوێت سەبارەت بەڕێکەوتنەکانی سنووردانان بۆ پڕچەککردن و خۆ بەدوورگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG