Accessibility links

ڕوسیا: لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە سەرۆک ترامپ داوای لە پوتن کردووە سەردانی ئەمەریکا بکات


دەزگای هەواڵی ریا نۆڤۆستی ڕوسی لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاوە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن کردووە سەردانی ئەمەریکا بکات و وتوویەتی دڵخۆش دەبێت بە بینینی لە کۆشکی سپی.

دەزگاکە لە زاری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤەوە بڵاویکردەوە سەرۆک ترامپ مانگی ڕابردوو دوو جار لە پەیوەندییە تەلەفونییەکاندا بانگهێشتی پوتنی کردووە بۆ ئەمەریکا، مۆسکۆش چاوەڕێی ئەوە دەکات سەرۆک ترامپ بانگهێشتەکە بە فەڕمی بکات.

لاڤرۆڤ وتی " لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییە کار دەکەین کە سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا ئەم داوایەی ئاڕاستە کردووە و وتوویەتی دڵخۆش دەبێت بە بینینی پوتن لە کۆشکی سپی و هەروەها دڵخۆشیش دەبێت دواتر ئەو بچێت بۆ ڕوسیا."

ئەگەر بێت و پوتن لە کۆشکی سپی میوانداری بکرێت ئەوا ڕەخنەگرانی سەرۆک ترامپ لە ناوەوەی ئەمەریکا زۆر توڕە دەبن چونکە پوتن بەوە تۆمەتبار دەکەن کە کاری دوژمنانە دژی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا دەکات.

لاڤرۆڤ وتی " سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ ئەو ڕاستییەی کە سەرۆک ترامپ چەند جارێک لە تویتەکان و لێدوانەکانیدا دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکان وتوویەتی کە پێویستە کێشەکان لەگەڵ ڕوسیادا چارەسەر بکرێن و پێویستمان بە پەیوەندییەکی باش هەیە لەگەڵ ڕوسیادا و ئەوەش باشترە کە پەیوەندییەکی باشمان هەبێت لەنێوان یەکتردا، ئێمە ئەمانە دەبیستین."

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG