Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا: پوتن و سەرۆک ترامپ لەوانەیە کۆببنەوە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان


وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ

دەزگای ڕاگەیاندنی ڕوسیا لە زاری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤەوە بڵاویکردەوە سەرۆک ڤلادیمێر پوتن لەوانەیە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا کۆببێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر هەردوو سەرۆک پێیان وابێت کۆبوونەوەکە پێویستە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا.

لاڤرۆڤ وتی " ئەگەر دوو سەرۆکەکە هەستیان کرد بەوەی کۆبوونەوە پێویستە و هەردوولا گەڕانەوە بۆ ئەو بابەتانەی کە پێمان وایە ئەمەریکا و ڕوسیا پێکەوە دەبەستێتەوە، کە هەندێک بەڕێوبەرایەتی لە ئەمەریکا ڕەتی دەکەنەوە، ئەوا پێم وایە لەم جۆرە کۆبوونەوەیە ساز دەکرێت."

جێی ئاماژەیە دوای کۆتا کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک ترامپ و پوتن لە هلسنکی، سەرۆک ترامپ ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆوە لە ناوخۆی ئەمەریکادا لەسەر ئەوەی بە ئاشکرا ڕووبەڕووی پوتن نەبۆوە سەبارەت بە دەستوەردانی مۆسکۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016 دا. هەروەها لەسەر ئەوەش کە دژی دەرەنجامەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا قسەی کرد سەبارەت بەو هەڕەشەیەی کە ڕوسیا هەیەتی لەسەر ئەمەریکا.

بەهۆی ئەو ڕەخنانەوە، سەرۆک ترامپ کۆبوونەوەی دووەمی لەگەڵ پوتندا دواخست بۆ ساڵی داهاتوو.

بەڵام پێش چەند ڕۆژێک پوتن وتی دەیەوێت میوانداری سەرۆک ترامپ بکات لە مۆسکۆ و کۆشکی سپیش پێشوازی لە بیرۆکەکە کرد سەرەڕای ڕەخنەکانی دوای کۆبوونەوەکەی هلسنکی.

ڕوسیا هەوڵدەدات لەڕێی ئەم کۆبوونەوانەوە ئەو سزایانە لاببرێن کە لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە سەپێنراون بەسەریدا.

لاڤرۆڤ وتی ڕوسیا ئامادەیە بەردەوام بێت لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە، ئەگەر ئەمەریکا لەلای خۆیەوە ئامادە بێت لەسەر بنەمای یەکسانی کاربکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG