Accessibility links

ڕوسیا: داوای ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران ڕووخێنەرە


دەزگای ڕاگەیاندنی ڕوسیا لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرجی ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە ڕیابکۆڤ وتوویەتی وڵاتەکەی پێشنیارەکەی ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران بە زیانبەخش و ڕووخێنەر دەزانێت.

بەپێی دەزگاکە ڕیابکۆڤ وتوویەتی " هیچ ڕۆڵێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نابینین لەسەر ئەم بابەتە."

وتیشی " کاروباری ناوخۆی ئێران هیچ پەیوەندییەکی نیە بە ڕۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە کاری ئەوان پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی وڵاتانە."

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی لە ماوەی ڕابردوودا وتی وڵاتەکەی هەوڵدەدات کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ سەبارەت بە ئێران و مافەکانی مرۆڤ.

جێی ئاماژەیە هەتاکوو ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا 21 کەس کوژراون.

هەروەها سەبارەت بەو ئەگەرەی کە ئەمەریکا لەوانەیە سزا بسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا بەرپرسە ڕووسیەکە وتی ئەم شتانە نایاسایین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێثەر ناورێت ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەری ئەوە هەیە واشنتن سزای نوێ بەسەر ئەو بەرپرسانەدا بسەپێنێت کە کردەوەی خراپیان ئەنجامداوە لە خۆپیشاندانەکاندا.

لەماوەی ڕابردوودا ڕیابکۆڤ وتی ئەمەریکا نابێت دەست بخاتە کاروباری ناوخۆی ئێرانەوە و مۆسکۆ پابەند دەبێت بە ڕێکەوتننامە ناوەکییەکەی ساڵی 2015ەوە کە لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG