Accessibility links

ڕوسیا سەرکۆنەی سزاکانی ڕۆژئاوا دەکات


ڕوسیا سەرکۆنەی سزا نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکای کرد بۆ سەر بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە، سزاکانیش بەهۆی بابەتی ژەهراویکردنی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ئالێکسی ناڤاڵنیەوە بوو، ئاماژەشی بەوەدا سزاکان " جێی قبوڵکردن " نین.

ڕۆژی دووشەممە و سێشەممە یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا سزایان سەپاند بەسەر کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای ڕوسیادا، لەوانەش بەڕێوبەری دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی وڵاتەکە ئالیکساندەر بۆرتنیکۆڤ و سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی زیندانەکانی ڕوسیا ئالیکساندەر کلاشینکۆڤ و دادوەری گشتی ئیگۆر کراسنۆ.

وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ وتی " ئەم سزایانە جێی قبوڵکردن نین، بەشێوەیەکی زۆر خراپ کاردەکاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا کە پێشتریش خراپ بووە."

پێسکۆڤ وتی " ئەم جۆرە کۆتوبەندانە جێی قبوڵکردن نیە." وتیشی " ئەمە جگە لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ڕوسیا هیچی دیکە نیە."

وتیشی " ڕوسیا وەڵامی سزاکان دەداتەوە بەشێوەیەک کە زیاتر لەگەڵ بەرژەوەندییە تایبەتیەکانماندا بگونجێت."

لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا وتی بەرپرسانی ڕوسیا لەپشت " هەوڵی کوشتنی " ئالێکسی ناڤاڵنیەوە بوون، بەرپرسانی ئەمەریکا دووبارە داوایان کردۆتەوە بەزووترین کات ناڤاڵنی ئازاد بکرێت.

ئەمەریکا سزای بەسەر حەوت بەرپرسی ڕوسیدا سەپاندووە، لەلای خۆشیەوە یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر چوار بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG