جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی ڕیابکۆڤ جەختی لەوە کردەوە مۆسکۆ پێشبینی " هیچ شتێکی نوێ " لە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا جۆو بایدن ناکات.
ڕیابکۆڤ بە دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسی وت " پێشبینی هیچ شتێکی نوێ ناکەین، ئەوە ئاشکرایە، شتێکی نامۆ دەبێت ئەگەر پێشبینی شتێکی باش بکەیت لە کەسانێک کە زۆرێکیان لەسەر ( ڕوسیافۆبیا ) ئیشەکانیان بنیادناوە."
ئەم لێدوانەی ڕیابکۆڤ دوای گرژییەکی نوێی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکا هات سەبارەت بە هێرشە ئەلیکترۆنیە گەورەکەی سەر ئەمەریکا.
ڕیابکۆڤ وتیشی ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمەریکادایە بۆ زیندووکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕوسیا هیچ نیازێکی نەبووە " دەست بکات بە پەیوەندییەکان لەگەڵ تیمەکەی بایدندا."
سەرچاوە/ فرانس پرێس