Accessibility links

ئەمەریکا و ڕوسیا پێشوازی لە پێشنیارەکەی ئەفغانستان دەکەن بۆ ئاگربەست


سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف عەبدولغەنی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەمەریکا پێشوازیی لە پێشنیارەکەی ئەفغانستان دەکات بۆ وەستاندنی شەڕ لەگەڵ چەکدارانی تاڵیباندا، ئەمەش لەگەڵ کۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزاندا، ئاماژەشی بەوەدا هێزەکانی ئەمەریکا لەوێ ڕێز لەو پەیماننامەیە دەگرن.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " پێشنیارەکەی حکومەتی ئەفغانستان بۆ وەستاندنی شەڕ بۆ ماوەیەکی کاتی جەخت لە پابەندبوونی ئەو وڵاتە دەکاتەوە بە ئاشتیەوە و پابەندبوونیەتی بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و ئاینییەوە." وتیشی وەستاندنی شەڕ ڕێگە بە گەلی ئەفغانی دەدات بەبێ ترس ئاهەنگ بگێڕن بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕوسیا بە هەمان شێوە پێشوازیی لەو پێشنیارە کرد.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسی لە زاری زامیر کابۆلۆڤی نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتنەوە لە ئەفغانستان بڵاویکردەوە ڕوسیا پێشوازی لە وەستاندنی شەڕ دەکات لە ئەفغانستان بەڵام گومانی هەیە لەوەی تاڵیبان بەو پێشنیارە ڕازی ببێت و هەمان شت بکات.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف عەبدولغەنی بۆ یەکەمین جار ئاگربەستی لەگەڵ تاڵیباندا ڕاگەیاند بەبۆنەی کۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە، بەڵام ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو ئاگربەستە گروپە چەکدارەکانی دیکەی وەکو ڕێکخراوی داعش ناگرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG