دوو سەرچاوەی باوەڕپێکراو وتیان لێکۆڵەرەوەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا گەیشتوون بەو دەرەنجامەی کە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما زۆر خاو بوون لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بەو هەواڵانەی کە گوایە ڕوسیا دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 ی ئەمەریکاوە.
دوو سەرچاوەکە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزیان وت لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی سینات بۆی دەرکەوتووە کە سەرەڕای بوونی بەڵگەیەکی زۆر سەبارەت بە دەستوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، بەڕێوبەرایەتییەکەی ئۆباما فشاری نەخستۆتە سەر دەزگاکانی هەواڵگری و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای ئەمەریکا بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە.
هەتاوەکو ئێستا لێکۆڵەرەوانی ئەنجومەنی سینات ڕاپۆرتەکەی خۆیان سەبارەت بە ئەنجامەکان ئاشکرا نەکردووە. بەپێی سەرچاوەکان وابڕیارە هاوین ڕاپۆرتەکە بڵاوبکرێتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز