Accessibility links

ڕوسیا بەدووری نازانێت داوای کەمکردنەوەی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا بکات لە ڕوسیادا بۆ 300 یان کەمتر


دەزگای هەواڵی ڕوسی لە زاری جۆرجی بۆریسینکۆی بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکای باکوور لە وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاوە بڵاویکردەوە جۆرجی بۆریسینکۆ وتوویەتی وەزارەتەکە بەدووری نازانێت داوا لە ئەمەریکا بکات ژمارەی کارمەندانی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا لە ڕوسیا کەم بکاتەوە بۆ 300 کەس یان کەمتر.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە مانگی حەوتدا مۆسکۆ لە میانەی ناکۆکیە سیاسییەکاندا لەگەڵ واشنتن داوای لە ئەمەریکا کرد لە سەدا 60 ی کارمەندەکانی لە ڕوسیا کەم بکاتەوە و بەوەش ژمارەیان بووە 455 کارمەند.

بۆریسینکۆ بە دەزگا ڕاگەیاندنە ڕوسییەکەی وت 455 ژمارەی ئەو کارمەندە ڕووسیانەیە کە لە ئەمەریکا کاردەکەن بەو هاوڵاتییە ڕوسییانەشەوە کە لە بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کاردەکەن.

بۆریسینکۆ وتیشی " ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە لە هاویندا ئەو هاوڵاتییە ڕوسیانەشمان لەبەرچاو گرتووە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن، ئەوە نیاز پاکی بوو لە ئێمەوە."

وتیشی " لەبەر ئەوەی ئەوان بەو نیاز پاکییەی ئێمەیان نەزانی ئەوا ئێمە مافی خۆمانە کارمەندانی ئەمەریکی لە ڕوسیا کەم بکەینەوە." وتیشی مۆسکۆ لەوانەیە چیتر کارمەندە ڕوسییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرچاو نەگرێت.

بۆریسینکۆ بەردەوام بوو لە لێدوانەکانی و وتی " لەم حاڵەتەدا دەبێت ژمارەی کارمەندانی ئەمەریکی لە ڕوسیا بگاتە 300 یان کەمتر."

لە ماوەی ڕابردوودا دەزگاکە لە زاری وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕوسیاوە بڵاویکردەوە وتەبێژەکە وتوویەتی " واشنتن هیوادارە پابەندبوون بە داواکارییەکانی مۆسکۆوە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی دوو وڵاتەکە چیتر ڕێوشوێنی تۆڵەکردنەوە لە یەکتر نەگرنە بەر."

ماریا ئۆڵسنی وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕوسیا وتی " گرژبوونی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نیە. هیوادارین گرژییەکان نێوان دوو وڵاتەکە نەمێنن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG