Accessibility links

ڕووسیا خوازیاری به‌ فه‌رمی ناسینی ئاگربه‌ستی سوریا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌


شارۆچکه‌ی ئه‌لڕاعی له‌ باکووری حه‌له‌ب، سوریا

نوێنه‌ری ڕووسیا له‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ڕۆژی هه‌ینی به‌رنووسێکی بڕیاری له‌ نێوان ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دا بڵاوکرده‌وه‌ که‌ تێێدا داوای له‌ ئه‌و ڕێکخراوه‌ کرد پشتیوانی له‌ ئاگربه‌ستی پێشنیازکراوی مۆسکۆ و ئانکارا بۆ‌ سه‌رانسه‌ری سوریا بکات.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسی په‌یامنێری ڕویتێرز، ڤیتالی چورکین پێش کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ وتووێژ له‌ گه‌ڵ په‌یامنێرانی ئاماده‌ له‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ نیویۆڕک، وێرای ڕاگه‌یاندنی ئه‌و هه‌واڵه‌، هومێدواری ده‌ربڕی که‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ ده‌نگ به‌ به‌رنووسی پێشنیارکراوی موسکو بده‌ن.

ڤلادمر پوتن سه‌رۆک کۆماری ڕووسیا ڕۆژی پێنج شه‌مه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی سه‌رانسه‌ری – که‌ ئێران و ئه‌مه‌ریکا پێشوازی لێده‌که‌ن- هه‌واڵی دا و گوتی ڕووسیا و تورکیا ده‌ستبه‌ری ئه‌و ئاگربه‌سته‌ ده‌که‌ن.

بڕیاره‌ له‌ ئه‌گه‌ری په‌سند کردنی ڕێکه‌وتنه‌که‌ و به‌رده‌وام مانه‌وه‌ی ئاگربه‌ست، وتووێژی سیاسی حکومه‌ت و سه‌رهه‌ڵداوانی سوریا، مانگی داهاتووی زاینی له‌ شاری ئاستانه‌ پێته‌ختی قه‌زاقستان به‌ڕێوه‌بچێت.

به‌ گوێره‌ی باڵیۆزی ڕووسیا له‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، حه‌وت ئه‌ندامی ئوپوزسیۆنی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆک کۆماری سوریا به‌ نوێنه‌راه‌تی 60 هه‌زار سه‌رهه‌ڵداو له‌ ئه‌و وتووێژه‌دا به‌شدار بن.

دواین ڕاپۆرته‌کانی ڕۆژی هه‌ینی، سه‌ره‌ڕای بوونی تێک هه‌ڵچوونی لێره‌ و له‌ ئه‌وێ باس له‌ به‌رقه‌راری ئاگربه‌ستیان کرد.

XS
SM
MD
LG