Accessibility links

ڕوسیا دەڵێت هیچ بیانوویەک نیە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیار دژی ئێران دەربکات


نوێنەری ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ڕوسیا پێی وایە هیچ بیانوویەک نیە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیار دژی ئێران دەربکات، ئەوەش دوای ئەوەی سەردانی واشنتنی کرد تاوەکو پارچەکانی پاشماوەی موشەکەکە ببینێت کە تاران دابووی بە حوسییەکانی یەمەن.

ماوەی چەند مانگێکە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ لە نەتەوە یەکگرتووەکان فشار بەکاردەهێنن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا و لە هەمان کاتیشدا هەڕەشەی ئەوە دەکەن لەو ڕێکەوتنە ناوەکییە بکشێتەوە کە لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کرا لە ساڵی 2015 دا.

نوێنەری ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبنزیا وتی " هەندێک قسەی نامۆمان بیستووە سەبارەت بە گرنتە بەری ڕێوشوێنێک. ئەگەر شتێک پێشنیار کرابێت ئەوا دەیبینین. چۆن دەتوانین فەرمانێکی پێشوەخت دەربکەین پێش ئەوەی بزانین فەرمانەکە چیە؟"

هەروەها ڕەتی کردەوە نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ هۆکارێکی هەبێت بۆ دەرکردنی بڕیار دژی ئێران.

جێی ئاماژەیە نیکی هەیڵی نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوڕێ نوێنەرەکانی وڵاتانی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی برد بۆ کۆگایەکی سەربازیی لەنزیک واشنتن بە مەبەستی بینینی پاشماوەی ئەوە موشەکەی کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت موشەکی باڵیستیکی ئێرانییە و لە چواری مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا هاوێژراوە بۆ پایتەختی سعودیە.

نیبنزا وتی " یەمەن لەمێژە چەکی هەیە و زۆرێک لە وڵاتان ڕکابەریان دەکرد لەسەر ئەوەی کامیان چەک بدەن بە یەمەن لە سەردەمی سەرۆکی پێشوو عەلی عەبدوڵا ساڵحدا. بۆیە ناتوانم شتێکتان پێ بڵێم چونکە من شارەزا نیم تاوەکوو بڕیار دەربکەم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG