دەزگای خزمەتگوزاری ئاسایشی ئۆکرانیا دەڵێت بریکارێکی هەواڵگری سەربازیی ڕوسییان دەستبەسەرکردووە کە پلانی بۆ ئەنجامدانی هێرش داڕشتووە لە بەندەری ئۆدێسای ئۆکرانیا کە گەورەترین بەندەری ئەو وڵاتەیە لەسەر دەریای ڕەش.
دەزگای خزمەتگوزاری ئاسایشی ئۆکرانیا وتی " ئامانجی سەرەکی ئەو هەژاندنی ڕەوشی سیاسیی ناوچەی ئۆدێسا بووە، ئەوەش لەڕێی کردەوەی تیرۆریستی و تێکدەرانەوە." ئاماژەشی بەوەدا بریکارەکە لەکاتێکدا دەستبەسەرکراوە کە هەوڵیداوە کەسێک بەکرێ بگرێت بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکان.
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ڕوسیا هیچ لێدوانێکیان لەسەر بەیاننامەکەی ئۆکرانیا نەداوە، لە بەیاننامەکەی خزمەتگوزاری ئاسایشی ئۆکرانیادا باس لە وردەکارییەکان نەکراوە.
ئۆکرانیا و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا و ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە. ڕۆژی دووشەممە بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕوسیا گفتوگۆکانیان سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر ئۆکرانیا لە جنێڤ دەستپێکرد.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز