Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت بەرپەرچی هێرشێکی نوێی سەر هەرێمی بێلگۆرۆدی وڵاتەکەی داوەتەوە


ڕووسیا دەڵێت بەرپەرچی هەوڵی هێرشێکی داوەتەوە لەسەر سنوورەکەی لەگەڵ ئۆکرانیادا و وتی چەکدارەکانی سەر بە ئۆکرانیا هێرشەکەیان ئەنجام داوە، هاوکات بۆردومانەکان و هێرشێکی گومانلێکراوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشێک لە هاوڵاتیانی ناوچەکەی ناچار کرد شوێنەکانییان چۆڵ بکەن.

پێش هێرشە پێچەوانە پێشبینیکراوەکەی ئۆکرانیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ڕووسیا ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوام بۆتەوە، لەوانەش هێرشەکان لەمدیوی سنووری ئۆکرانیاوە بۆ سەر خاکی ڕووسیا و گەورەترین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر مۆسکۆ.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی لە نزیک شاری شیبیکینۆ بەرپەرچی سێ هێرشی داوەتەوە، هەروەها ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بەکارهێنانی " پێکهاتەی تیرۆریستی " بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکانی بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ڕووسی.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " کردەوە خۆنەویستەکانی سەربازانی ڕووسیا بەرپەرچی سێ هێرشی پێکهاتە تیرۆریستییەکانی ئۆکرانیایان دایەوە. ڕێگە نەدراوە سنووری دەوڵەت پێشێل بکرێت."

ئۆکرانیا ڕەتی دەکاتەوە سوپاکەی دەستی هەبووبێت لە هێرشەکاندا بۆ سەر هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیا کە لەسەر سنووری ئۆکرانیایە، دەڵێت ئەو هێرشانە لەلایەن شەڕکەرە خۆبەخشە ڕووسییەکانەوە ئەنجام دەدرێن.

مۆسکۆ " تیرۆریستە " ئۆکرانییەکانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بە ئامانجکردنی سنووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە. بەرپرسانی ڕووسیا دەڵێن گروپە شەڕکەرەکە لەلایەن ئۆکرانیاوە بەڕێوەدەبرێن.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی یەکەکانی سوپای ڕووسیا و پاسەوانانی سەر سنوور و یەکەکانی دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵ سەرەتا بەرپەرچی یەکەمین هێرشییان داوەتەوە لە کاتێکدا دوو یەکە بە ئوتومبێل و تانکەوە هەوڵیاندا دزە بکەنە ناو سنوورەکەوە لە نزیک نۆڤایا تاڤۆلژانکا و شیبینکۆ. وتیشی لە ئۆکرانیاوە سێ هێرش ئەنجام دراون.

وەزارەتەکە وتی زیاتر لە 50 شەڕکەری ئۆکرانی کوژران و چوار ئوتومبێلی زریپۆشیش تێکشکێندران. ئاماژەشی بەوەدا زیاتر لە 70 شەڕکەر و پێنج تانک و چوار ئوتومبێلی زریپۆش لە هێرشەکەدا بەشدار بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG