Accessibility links

ڕوسیا دژی بیرۆکەی تورکیایە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی نوێ لە باکووری سوریا


ڕوسیا وتی بەڵێنی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی نوێ لە باکووری سوریا هەڕەشە دەبێت بۆ ئەو هەوڵانەی دراون بۆ خستنەوەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵۆ ڕۆژی دووشەممە لە زاری وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆوە بڵاویکردەوە تورکیا ئەرکێکی نوێی سەربازی دیکە لە باکووری سوریا ئەنجام دەدات ئەگەر ناوچەکە لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد پاک نەکرێتەوە.

ئۆغلۆ وتیشی ڕوسیا و ئەمەریکا بەتەواوەتی ئەو ڕێکەوتنەیان جێبەجێ نەکردووە کە بووە هۆی ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا و داوای لێکردن بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن.

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەڵامدانەوەی ڕوسیا ئاماژەن بۆ بوونی گرژییەک [ لەنێوان مۆسکۆ و ئەنقەرەدا لە سوریا، ئەمەش دوای کەمتر لە مانگێک لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و واژۆکردنی ڕێکەوتنێک کە بەپێی ئەو ڕێکەوتنە هێزەکانی ڕوسیا و سوریا لە باکووری سوریا بڵاودەکرێنەوە بۆ دوورخستنەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان سوریا و تورکیا.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕۆژی سێشەممە وتی لێدوانەکانی چاوش ئۆغلۆ تووشی سەرسوڕمانی کردووە و مۆسکۆ بەتەواوەتی پابەند بووە بە ڕێکەوتنەکەی نێوان پوتن و ئەردۆگانەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا جەنەڕاڵ ئیگۆر کوناشینکۆڤ لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەهۆی گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێنەوە لەلایەن ڕوسیا توانرا بە ئاستێکی زۆر ڕەوشی ناوچەکە هێور ببێتەوە."

وتیشی " لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی تەنها دەبێتە هۆی خراپبوونی ڕەوشی باکووری سوریا و هیچ کێشەیەک لەو کێشانە چارەسەر ناکات کە لە ڕێکەوتنەکەی نێوان سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی ڕوسیادا هاتووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG