Accessibility links

ڕوسیا داوای جێبەجێکردنی ئاگربەست دەکات لە ناگۆرنۆ کاراباخ


وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لەمیانەی پێشوازیکردنی هاوتا ئەرمینیەکەیدا داوای کرد " ئاگربەستەکە بە توندی جێبەجێ بکرێت." ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە شەڕ و پێکدادانەکان لە ناگۆرنۆ کاراباخ دەستیپێکردەوە. لە بەرامبەریشدا تورکیا داوا دەکات هێزەکانی ئەرمینیا لە ناوچە جێناکۆکی لەسەرەکە بکشێنەوە.

ڕۆژی شەممە هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ڕوسیا ڕێکەوتن لەسەر وەستاندنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ناگۆرنۆ کاراباخدا، بەڵام ڕۆژی دووشەممە شەڕ و پێکدادانەکان دەستیپێکردەوە و ڕوسیاش داوا دەکات ڕێز لە ئاگربەستەکە بگیرێت و شەڕ بوەستێنرێت.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری بەرگری تورکیا لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا ڕوسیەکەی داوای کرد جیاخوازە ئەرمەنەکان لە ناگۆرنۆ کاراباخ بکشێنەوە.

وەزیری بەرگری تورکیا خەڵوسی ئاکار لەمیانەی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ڕوسیا سێرگەی شویگۆدا جەختی لەوە کردەوە " پێویستە ئەرمینیا هێرشەکانی ڕابگرێت و لەو خاکانە بکشێتەوە کە داگیریکردوون."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG