وەزارەتی بەرگری تورکیا وتی وەزیرانی بەرگری ڕووسیا و تورکیا تاوتوێی ئەگەری کردنەوەی ڕێڕەوێکیان کردووە بۆ هەناردەکردنی گەنم لە ئۆکرانیاوە و هەروەها باسیان لە باکووری سوریاش کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە دوو وڵاتەکە ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتەکە.
تورکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ سنووری ئاویی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیاشدا هەیە و هەوڵ دەدات نێوەندگری بکات لە جەنگەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا، پشتیوانی لە کیێڤ کردووە بەڵام دژایەتی سزاکانی ڕۆژئاواش دەکات بۆ سەر مۆسکۆ. ڕووسیا و تورکیا لە سوریاش پشتیوانی لە لایەنی دژ بە یەکتر دەکەن.
دوو هەفتە لەمەوبەر سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە باکووری سوریا ئەنجام دەدات و یەپەگە دەکاتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا وتی وەزیری بەرگری تورکیا خڵوسی ئاکار لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆی وتووە " وەڵامی پێویست دەدرێتەوە بەو کارانەی کە ئامانج لێیان تێکدانی ئەو سەقامگیرییەیە کە لە ناوچەکە دەستەبەرکراوە و بوونی تیرۆریستانیش لە ناوچەکەدا جێی قبوڵکردن نیە."
ئەنقەرە دەڵێت دەبێت کارێک بکات چونکە دوای هێرشەکەی ساڵی 2019 ی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا، ئەمەریکا و ڕووسیا بەڵێنەکانیان بۆ دوورخستنەوەی یەپەگە بۆ دووریی 30 کم لە سنووری تورکیاوە جێبەجێ نەکردووە، دەشڵێت هێرشەکان لەو ناوچانەوە کە لەژێر دەسەڵاتی یەپەگەدان زیادبوون.
وەزارەتی بەرگری تورکیا وتیشی " ئاکار ئاماژەشی بەوەداوە دەبێت پابەند بن بە ڕێکەوتنەکانی پێشووترەوە سەبارەت بەو پرسە."
پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان وەزیرانی بەرگری دوو وڵاتەکە ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتەکە دێت لە ئەنقەرە، کە تیایدا باس لە هەوڵەکان دەکەن بە ڕابەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ هەناردەکردنی گەنم لە ئۆکرانیاوە، هەروەها باس لە سوریاش دەکەن.
وەزارەتی بەرگری تورکیا وتی ئاکار و شوێگۆ هەڵسەنگاندنیان بۆ " سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانە کردووە کە دەکرێت بگیردرێنەبەر بۆ هەناردەکردنی گەنم و گڵۆبەڕۆژە و سەرجەم بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە بەشێوەیەکی پارێزراو."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وەزیرانی بەرگری ڕووسیا و تورکیا تاوتوێی سوریا و هەناردەکردنی گەنم دەکەن لە ئۆکرانیاوە
