Accessibility links

سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕوسیا بەنیازە ژمارەی سەربازانی ڕوسیا لە سوریا کەم بکاتەوە


سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕوسیا ڤالێری گیراسیمۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەوانەیە قەبارەی هێزی سەربازیی ڕوسیا لە سوریا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە و ئەوەش پێش کۆتایی ساڵ دەست پێدەکات.

پشتیوانی سوپای ڕوسیا بۆ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بەتایبەتی لەڕێی هێرشە ئاسمانییەکانەوە گرنگییەکی خۆی هەبوو لە شکست پێهێنانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوی داعش لە سوریادا.

گیراسیمۆڤ لەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرکردە باڵاکانی سوپای ڕوسیا لە کۆمەڵگەی سوچی لەسەر دەریای ڕەش وتی " کارێکی زۆر نەماوە پێش تەواو بوونی ئامانجە سەربازییەکان. بێگومان سەرکردەی باڵا بڕیار دەدات و ژمارەی هێزەکان کەم دەکرێنەوە."

ئاماژەشی بەوەدا کە لەوانەیە بەشێوەیەکی بەرچاو هێزەکان کەم بکرێنەوە بەڵام دوو بنکە سەربازییە ڕوسییەکە و ناوەندی چاودێری ئاگربەستیش دەمێنێتەوە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن میوانداری بەشار ئەسەدی کردوو و باسیان لە گواستنەوەی ئەرکە سەربازییەکان کرد بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ناکۆکییەکانی سوریا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە پوتن پشتیوانی تورکیا و ئێرانی بەدەستهێنا بۆ میوانداریکردنی کۆنگرەی ئاشتی سوریا کە ئەوەش ڕۆڵێکی گرنگی پێدا لە هەوڵە سیاسییەکاندا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆی سوریا کە بۆ ماوەی شەش ساڵە بەردەوامە.

پوتن لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا وتی وڵاتەکەی ئامانجەکانی لە سوریادا پێکاوە و فەرمانی دەرکرد بە کشانەوەی بەشێکی سەرەکی لە هێزەکانی ڕوسیا.

بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا کە بە هەمان شێوە ئەرکی سەربازی ئەنجام دەدەن لە سوریا دوای ئەو لێدوانەی پوتن وتیان هێزە سەربازییەکانی ڕوسیا هیچ گۆڕانکارییەکیان تێدا بەدی نەکراوە کە جێی باسکردن بێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG