Accessibility links

ڕوسیا هێزی زیاتر دەنێرێتە ناوچەیەکی باکوری سوریا


کاروانی لەشکری ڕوسیا پاش ئەرکێکی سەربازی هاوبەشی تورکیا و ڕوسیا لە باکوری سوریا 1ی 11 ی 2019

ڕوسیا درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند پۆلیسی سەربازی زیاتری ناردووە بۆ ناوچەیەک لە باکوری سوریا کە لەوێ پێکدادان لە نێوان ئەو چەکدارانەی تورکیا پشتیوانیان دەکات لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا ڕوویداوە لە نزیک شاڕێیەکی ستراتیژی کە سوپای ڕوسیا و تورکیا چاودێریان دەکرد.

ناردنی ئەو هێزەش بەر لە دەستپێکردنی وتووێژەکانی ڕۆژی سێشەممەیە لە باشوری ڕوسیا کە لە نێوان وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سەرگێ لاڤرۆڤ و هاوشانە تورکەکەی مەولود چاوشئۆغڵو ئەنجام دەدرێن.

بابەتی سوریا، کە مۆسکۆ و ئانکەرە تیایدا پشتیوانی لایەنە جیاوازەکان دەکەن، یەکێک دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکانی ئەو دوو دیپلۆماتە تاوتوێی دەکەن.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە نزیک شارۆچکەی عەین عیسا لە باکوری سوریا، شەڕ لەنێوان چەکدارانی سەر بە تورکیا و هێزە کوردییەکاندا ڕوویدا. ئەو شارۆچکەیە دەکەوێتە سەر شاڕێی M4 کە شارە سەرەکییەکانی سوریا پێکەوە دەبەستێتەوە و ئەو شوێنەی کە بە شێوەیەکی گشتی نۆبەداری ڕوسیا و تورکیا تێدا ئەنجام دەدرێت.

هێزەکانی تورکیا و سەرهەڵداوانی سوریایی هاوپەیمانیان لە هێرشێکی ساڵی ڕابوردوویاندا دژ بە هێزە کوردییەکانی یەپەگە دەستیان گرت بەسەر ناوچەیەکی ئەو هەرێمەی کە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکەوە گرێدەدات.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هێزی زیاتری لە ڕۆژی یەکشەممە ناردووە بۆ ئەو ناوچەیە.

لە بەیاننامەکەدا دەشڵێت " ئێمە لە عەین عیسا، هەستمان بە ڕەوشێکی نائارام کردووە."

مۆسکۆ کە فڕۆکە جەنگییەکانیشی چاودێری ناوچەکە دەکەن، داوای لە هەردوولا کردووە تۆپبارانکردنی یەکتر بوەستێنن و ڕەوشەکە ئارام بکەنەوە.

هەروەها دەڵێت لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابوردوودا هیچ هێرشێکی لەلایەن هێزەکانی سەر بە تورکیا بەدینەکردووە.

XS
SM
MD
LG