مۆسکۆ دەڵێت ڕۆژئاوا نابێت خەیاڵ بکەنەوە لەوەی ڕووسیا هەروا بە سادەیی فراوانبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە باکوورەوە پەسەند بکات، وتیشی ئەو هەنگاوە هەڵە دەبێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان.
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن چەند جارێک ئاماژەی بەوەداوە پەرەسەندنی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات و سنوورەکانی ڕووسیا هۆکار بووە بۆ داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا.
جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ئاسایشی ئەوروپادا دروست کرد، سوید و فینلەندا کە پێشتر نەچوونەتە هیچ هاوپەیمانێتیەکەی سەربازییەوە، لە ئێستادا بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا دەیانەوێت ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.
دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە " نابێت هیچ خەیاڵێک بکەنەوە لەسەر ئەوەی ئێمە هەروا بە سادەیی پەسەند بکەین، نابێت هیچ کام لە بڕۆکسل و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ناتۆش بەوشێوەیە بیر بکەنەوە."
ڕیابکۆڤ کە پێشتر ڕابەرایەتی گفتوگۆکانی دەکرد لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بە پێشنیارەکانی ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندنی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات و دواتر گفتوگۆکان شکستیان هێنا، وتی بڕیارەکەی فینلەندا و سوید بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتییەکە هەڵە بووە.
وتی " ئاستی گرژییە سەربازییەکان بە گشتی زیاد دەبێت، بەداخەوە کە هەستی گشتی خۆیان کردە قوربانی خەیاڵی ئەوەی دەبێت چی بکرێت لەم بارودۆخە نادیارەدا."
ڕووسیا ئاماژەی بەوەداوە کە وەڵامدانەوەی چۆن دەبێت ئەگەر سوید و فینلەندا بچنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە، دەڵێت " وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی تەکنیکی " دەبێت.
یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی پوتن مانگی ڕابردوو وتی ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بچنە پاڵ ناتۆوە ئەوا دەکرێت ڕووسیا موشەکی ناوەکی و موشەکی دەنگبڕ لە کالینینگراد جێگیر بکات.
ڕۆژئاوا دەڵێت هاوپەیمانێتی ناتۆ کە لە 30 وڵات پێکهاتوون، تەنها بۆ بەرگرییە.
مۆسکۆ دەڵێت ناتۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ڕووسیا و ئەمەریکاش چەند جارێک نیگەرانییەکانی ڕووسیای سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە پشتگوێ خستووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
مۆسکۆ: ڕووسیا هەروا بە سادەیی فراوانبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ پەسەند ناکات
