Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت دوو فەرماندەی سەربازیی کوژراون


باخموت
باخموت

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت دووان لە فەرماندە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژراون، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئۆکرانیا هەوڵەکانییان نوێ کردەوە بۆ شکاندنی بەرگرییەکانی ڕووسیا لە شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

وەزارەتەکە وتی فەرماندە ڤیاچیسلاڤ ماکارۆڤی لیوای 4 ی هێزەکان و جێگری فەرماندە یەڤیگنی برۆڤکۆ کە سەر بە یەکەیەکی جیاوازە لە هەوڵییاندا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئۆکرانیا کوژراون.

وتیشی ماکارۆڤ سەرکردایەتی هێزەکانی کردووە لە هێڵەکانی پێشەوە، برۆکۆڤیش " پاڵەوانانە مردووە و پارچەی زۆری بەرکەوتووە." وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بە دەگمەن کوژرانی فەرماندە سەربازییەکانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە ڕۆژانەییەکانیدا ڕادەگەیەنێت.

وتیشی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە باکوور و باشووری باخموتەوە هێرشییان کردووە، بەڵام " نەیانتوانیوە بەرگریییەکانی ڕووسییەکان بشکێنن. سەرجەم هێرشەکانی یەکەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بەرپەرچ دراونەتەوە."

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو بابەتە پشتڕاست بکاتەوە.

جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا هانا مالیار ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە کە هێزەکانی ئۆکرانیا " بەردەوام بوون لە پێشڕەویکردن لە میحورەکانی باخموت و دەوروبەریدا."

وتی " یەکەکانمان زیاتر لە 10 شوێنی دوژمنییان لە باکوور و باشووری باخموت گرتووە و ناوچەیەکی گەورەی دارستانییان لە نزیک ئیڤانیڤسکی پاک کردۆتەوە. سەربازەکانی دوژمن لە یەکە جیاوازەکانەوە دەستگیرکراون."

سەرەڕای چەندین مانگ لە شەڕ و پێکدادانی کوشندە و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی هەردوولا، هیچ کام لە هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا نەیانتوانیوە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی باخموت بکەن.

ڕۆژی هەینی ڕووسیا دانی بەوەدانا کە هێزەکانی لە باکووری باخموت کشاونەتەوە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی هێرشەکانی ئۆکرانیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG