Accessibility links

کرێملن: هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی ڕوسیا دەستی وەردابێتە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە


وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ
وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ

کرێملن وتی تاوانبارکردنی 13 هاوڵاتی ڕوسی و کۆمەڵێک کۆمپانیای ڕوسی لەلایەن ئەمەریکاوە بە تۆمەتی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا هیچ بەڵگەیەک لەخۆ ناگرێت لەسەر ئەوەی ڕوسیا دەستی تێیدا هەبووبێت.

ئەم لێدوانانەی کرێملن یەکەمین کاردانەوەی ڕوسیایە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی کە ئۆفیسی لێکۆڵەرەوەی تایبەتی ئەمەریکا ڕۆبەرت موڵەر ئاڕاستەی کردوون.

ئەم تۆمەتانەش کرێملن دەخاتە هەڵوێستێکی خراپەوە کە دەیەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا باشتر بکات بەهیوای ئەوەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕوسیا لاببرێن کە بەهۆی ئۆکرانیاوە سەپێندراون بەسەریدا.

بەڵام هەواڵی دەستوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016 دا گرژی خستە نێو پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ڕوسیاوە و بووە هۆی ئەوەی سزا و فشاری نوێ بسەپێنرێت بەسەر ڕوسیادا. بەڵام لێکۆڵینەوەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە بابەتەکە هێشتا تەواو نەبوون و ئەمەش بۆ ماوەیەکی درێژتر کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ وتی تۆمەتەکانی ئەمەریکا تەنها بۆ سەر تاکە کەسن و هیچ بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگریان تێدا نیە لەسەر ئەوەی ڕوسیا یاخوود دەزگایەکی حکومی ڕوسی دەستی وەردابێتە هەڵبژاردنەکانەوە."

پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمەریکییەکان سەبارەت بە هاوڵاتیانی ڕوسیا قسە دەکەن، بەڵام لە ڕاگەیاندنەکانی واشنتەوە بیستمان دەوڵەتی ڕوسیا و حکومەتی ڕوسیا دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانەوە."

وتیشی " هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی دەوڵەتی ڕوسیا بەشداری لەوەدا کردبێت، وە نابێت هیچ بەڵگەیەکیش هەبێت. ڕوسیا دەستی تێیدا نەبووە و ئەوە عادەتی ڕوسیا نیە دەست وەربداتە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکەوە و ئێستاش ئەو کارە ناکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG