ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی سێ فڕۆکەی شەڕکەری ئۆکرانییان خستۆتە خوارەوە، یەکێکیان لە نزیک دورگەی سنەیک لە دەریای ڕەش و ئەوانی دیکە لە هەرێمەکانی میکۆلایڤ و خارکیڤ، هاوکات هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنی ئامانجە ئۆکرانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی هێزەکانیان فڕۆکەی سو – 25 یان لە نزیک نیشتەجێیەکانی یەڤهێنیڤکای هەرێمی میکۆلایڤ و ڤێلیکا کۆمیشڤاخای هەرێمی خارکیڤ خستۆتە خوارەوە. فڕۆکەیەکی دیکەی سو – 24 یان لە نزیک دورگەی سنەیک خستۆتە خوارەوە.
لە 24 ی مانگی دوودا ڕووسیا دەیان هەزاران سەربازی ڕەوانەی ناو ئۆکرانیا کرد و هێشتا ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سەر بە ڕووسیادا ماوەتەوە.
هێزەکانی ڕووسیا لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ناچار کراون لە ناوچەکانی دەوروبەری خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکشێنەوە، ئەمەش خێراترین شکستیان بووە لەدوای ئەوەوە کە لە مانگی چواردا لە ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ و باکووری ئۆکرانیا دوورخرانەوە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی موشەکەکانی ڕووسیا دوو میحوەری سەرکردایەتییان لە هەرێمی خارکیڤ کردۆتە ئامانج و ئامانجەکانی دیکەی وەکو کۆگاکانی چەک و ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی ئۆکرانیا و کەلوپەلەکانیانی لێیە پێکاوە.
گوتیشی هێرشی موشەکی هاوشێوەیان لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەنجامداوە. هەروەها فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیشیان خستۆتە خوارەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز