Accessibility links

ڕوسیا و سعودیە بە سەردانەکەی پاشای سعودیە بۆ مۆسکۆ پەیوەندییەکانی نێوانیان باشتر دەکەن


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بەخێرهاتنی پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیزی کرد لە کرێملین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆکان و باشکردنی پەیوەندییە گرنگەکانی نێوانیان لەوانەش دیاریکردنی نرخی نەوتی جیهان.

پاشا سەلمان لەگەڵ شاندێکدا گەیشتە مۆسکۆ بۆ ئەنجامدانی ڕێکەوتنە وەبەرهێنانەکان بە بڕی چەند ملیار دۆلارێک کە ڕوسیا زۆر پێویستی بەم ڕێکەوتنانە هەیە بۆ بەهێزکردنەوەی داراییەکەی کە لەمدواییانەدا بەهۆی سزاکان و دابەزینی نرخی نەوتەوە کەم بۆتەوە.

هەروەها لە ڕووی سیاسییەوە هیچ ئاماژەیەک نەبوو لەسەر باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان ڕوسیا و سعودیە، لەوانەش پشتیوانی ئەو دوو وڵاتە بۆ دوو لایەنی جیاواز لە شەڕی ناوخۆی سوریادا. بەڵام هیچ ئاماژەیەکیش دەرنەکەوت لەسەر بوونی ناکۆکیی لەنێوانیاندا.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرجی لاڤرۆڤ وتی دوو سەرۆکەکە ڕێکەوتوون لەسەر گرنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتی بۆ ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنچینەی یەکپارچەیی خاکەکان.

سعودیە ڕایگەیاند ڕێکەوتنێکی واژۆ کردووە بۆ کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی لە جۆری ئێس-400 لە کۆمپانیایەکی حکومیی ڕوسی بۆ دروستکردنی چەک.

لاڤرۆب لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی عادل جەبیر وتی " دوو سەرۆکەکە گفتوگۆیەکی هاوڕێیانەیان ئەنجامداوە لەسەر بنەمای ویستی مۆسکۆ و ڕیاز بۆ بەردەوامی پێدان بە پەرەپێدانی هاوەڵیی نێوانیان کە لە هەموو ڕوویەکەوە لەبەرژەوەندیی هەردوو لادایە."

جەبیر وتی دوو وڵاتەکە پێیان وایە ئاسۆی نوێ کراوەتەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان بەشێوەیەک کە پێشتر بە خەیاڵدا نەهاتووە.

وتیشی " پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ڕوسیا ئێستا لە خاڵێکی مێژوویدایە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG