سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن ڕۆژئاوای تۆمەتبارکرد بەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ڕووسیایان پشتگوێ خستووە و بەمەبەست سیناریۆیەک دروست دەکەن تاوەکو ڕووسیا ببەنە ناو جەنگەوە.
دوای نزیکەی شەش هەفتە پوتن جارێکی دیکە سەبارەت بە گرژییەکان لەسەر ئۆکرانیا قسەی کرد و هیچ ئاماژەیەکی دەرنەخست لەسەر پاشگەزبوونەوە لە داواکارییە ئەمنییەکانی، کە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەتیان کردۆتەوە و دەڵێن ڕووسیا وەکو بیانوویەک بەکاریدەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێک دژی ئۆکرانیا.
پوتن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئێستا ئەوە ئاشکرایە کە نیگەرانییە سەرەکییەکانی ڕووسیا پشتگوێ خراون."
پوتن باسی لە سیناریۆیەک کرد کە تیایدا ئۆکرانیا دەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا و دواتر هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی نیمچە دورگەی کرێمیا دەدات کە لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا گرتیەخۆی.
وتی " با بیهێنینە بەرچاومان ئۆکرانیا بووەتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئەم ئەرکە سەربازییانە ئەنجام دەدات. ئایا دەبێت بچینە جەنگەوە لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆدا؟ ئایا کەس بیری لەوە کردۆتەوە؟ وادیارە کەس بیری لێنەکردۆتەوە."
ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، وڵاتانی ڕۆژئاواش دەڵێن لەوە دەترسن پوتن پلان بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا دابنێت.
ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت بەڵام وتی دەکرێت ڕێوشوێنێکی سەربازیی نادیاریکراو بگرێتەبەر ئەگەر داواکارییە ئەمنییەکانی جێبەجێ نەکرێن. وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
لە 23 ی مانگی دوانزەوە پوتن بە ئاشکرا قسەی لەسەر قەیرانەکانی ئۆکرانیا نەکردووە، ئەمەش نادیارییەکی لێکەوتەوە لەسەر هەڵوێستی تایبەتی خۆی لەکاتێکدا دیبلۆماتکارانی ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا چەند جارێک کۆبوونەتەوە و هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکانیان داوە.
پوتن وتی واشنتن نیگەرانی ئاسایشی ئۆکرانیا نیە بەڵکو دەیەوێت ڕووسیا بگرێت.
وتی " لەمەدا ئۆکرانیا تەنها ئامڕازێکە بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە. دەکرێت ئەمە بە چەند شێوازێک ئەنجام بدرێت، یەکێکیان لەڕێی یارمەتی هاوپەیمانەکانیانەوە لە ئەوروپا، سەپاندنی ئەو سزا توندانەی کە ئێستا لە ئەمەریکا باسی لێوە دەکەن."
لێدوانەکانی پوتن لەکاتێکدا بوو سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان سەردانی ڕووسیای دەکرد، ئۆربان وتی باوەڕی وایە دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ پوتندا دەرفەتێک هەیە بۆ سازدان.
وتی " ئەمڕۆ باوەڕم بەوە کرد کە دەتوانین زاڵ ببین بەسەر جیاوازیی لە هەڵوێستەکاندا و دەشکرێت ڕێکەوتنێک واژۆ بکرێت کە تیایدا گرەنتی بدات لەسەر ئاشتی، گرەنتی بدات لەسەر ئاسایشی ڕووسیا و بەشێوەیەکیش بێت لەلای وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆش پەسەند بێت."
وڵاتانی ڕۆژئاوا بەخێرایی هاوسۆزی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دەربڕی. سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لە کیێڤ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا کۆبۆوە. جۆنسن پوتنی تۆمەتبار کرد بەوەی چەکی خستۆتە سەر سەری ئۆکرانیا و داوای گۆڕانکاری دەکات لە پێکهاتەی ئاسایشی ئەوروپادا.
جۆنسن وتی " زۆر گرنگە ڕووسیا بکشێتەوە و ڕێگەی دیبلۆماتی هەڵبژێرێت. باوەڕیشم وایە ئەوە هێشتا ڕێی تێدەچێت. ئێمە سوورین لەسەر گفتوگۆکردن، بێگومان، بەڵام سزاکانمان ئامادە کردووە، لەڕووی سەربازییەوە پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەین و هاریکارییە ئابوورییەکانیشمان زیاتر دەکەین."
سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆڤسکی بە هەمان شێوە سەردانی ئۆکرانیای کرد و وتی وارشۆ لەڕێی پێدانی گاز و چەک و یارمەتی مرۆیی و ئابوورییەوە پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات.
مۆرۆڤسکی وتی " ژیان لە نزیک دراوسێیەکی وەکو ڕووسیاوە هەست بەوە دەکەیت لەژێر بورکانێکدا دەژیت." بەڵێنیشدا تەقەمەنی تۆپهاوێژ و بۆمبی هاوەن و سیستمی بەرگری ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری بدات بە ئۆکرانیا.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی ڕۆژی سێشەممە بڕیاریدا زیاتر لە 100,000 سەربازی دیکە بۆ سوپای وڵاتەکە زیادبکات، ئەوەش لە ماوەی سێ ساڵدا. داوای لە یاسادانەرانی وڵاتەکە کرد ئارام بن و نەترسن، وتی هۆکاری بڕیارەکەی بۆ فراوانکردنی سوپای وڵاتەکە " لەبەر ئەوە نیە کە بەمزووانە دەچینە جەنگەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە بەمزووانە و لە داهاتوشدا ئاشتی هەبێت لە ئۆکرانیا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز