Accessibility links

پوتن دەڵێت بەمزووانە لەگەڵ سەرۆکی چیندا کۆدەبێتەوە


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕایگەیاند پێشبینی دەکات بەمزووانە لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگدا کۆببێتەوە، ئەمەش دوای ڕاپۆرتەکانی پێشتر سەبارەت بەوەی پوتن بە نیازە لە مانگی 10 دا سەردانی چین بکات.

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا، ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی کردووەتە چین وەکو بەهێزترین هاوپەیمانی.

چین ڕەتی کردووەتەوە سەرکۆنەی جەنگەکەی ڕووسیا بکات لە ئۆکرانیا، هاوکات سەرکۆنەی سزاکانی ڕۆژئاوای کردووە دژی مۆسکۆ، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی کڕینی سوتەمەنیەوە لە ڕووسیا قازانجی کردووە، ئەوەش بەهۆی داشکاندنەکانی ڕووسیاوە بۆ نەوت و گازەکەی کە چیتر ڕەوانەی ئەوروپایان ناکات.

چەند هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ " هاوبەشییەکی ستراتیژییان " واژۆ کرد و هەوڵیانداوە پەیوەندییەکانییان نزیکتر بکەنەوە.

جێی ئاماژەیە لە دوای ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی پوتنی دەرکردووە، بەهۆی تاوانی جەنگەوە لە ئۆکرانیا، پوتن سەردانی دەرەوەی ڕووسیای نەکردووە.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری پوتنەوە بڵاویکردەوە " بەمزووانە بۆنەیەک دەبێت، کۆبوونەوەیەکیش دەبێت لەگەڵ سەرۆکی کۆماری گەلی چیندا."

وتی " ئەو 'شی' بە دۆستی خۆی ناوم دەبات، منیش خۆشحاڵم بە دۆستی خۆم ناوی ببەم، چونکە ئەو کەسێکە کارێکی زۆر دەکات بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەکانی ڕووسیا و چین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG