Accessibility links

ڕۆیتەرز: پوتن ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەستی مەرجدار لە ئۆکرانیا ڕاگەیاندووە


چوار سەرچاوەی ڕووسیایی بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئامادەیە بۆ وەستاندنی جەنگەکە لە ئۆکرانیادا، ئەوەش بەو مەرجەی دان بنرێت بە هێڵەکانی ئێستای گۆڕەپانی جەنگەکەدا، وتیشیان پوتن ئامادەیە بۆ بەردەوامیدان بە شەڕەکە ئەگەر کیێڤ و ڕۆژئاوا وەڵام نەدەنەوە.

سێ سەرچاوەیان کە نزیکن لە گفتوگۆکانی نێو بازنەکەی پوتنەوە، وتییان پوتن نائومێدی خۆی بۆ گروپێکی بچووکی ڕاوێژکارەکان دەربڕیوە سەبارەت بە " هەوڵەکان بە پشتیوانی ڕۆژئاوا " بۆ ڕێگریکردن لە گفتوگۆکان و بڕیارەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لەسەر گفتوگۆ نەکردن لەگەڵ ڕووسیایەکدا کە پوتن سەرۆکی بێت.

سەرچاوەیەکی دیکە لەو چوار سەرچاوەیە کە سەرچاوەیەکی باڵای ڕووسیایە و لەگەڵ پوتندا کاری کردووە و ئاگاداری گفتوگۆ ئاست بەرزەکانی ناو کرێملنە، وتی " پوتن دەتوانێت هەتاوەکو پێویست بکات شەڕ بکات، بەڵام پوتن ئامادەشە بۆ ئاگربەستێک، بۆ وەستاندنی جەنگەکە."

ئەویش بە هەمان شێوەی ئەو سەرچاوانەی دیکە کە لەم بابەتەدا ئاماژەیان پێدراوە، بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەبێت قسەی کردووە، ئەوەش بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە.

لەسەر ئەم بابەتە، ڕۆیتەرز دەڵێت قسەی لەگەڵ پێنج کەسدا کردووە کە کارییان لەگەڵ پوتندا کردووە لەسەر ئاستێکی باڵای سیاسیی و کار. سەرچاوەی پێنجەم باسی لە وەستاندنی شەڕەکە نەکرد لەسەر هێڵەکانی پێشەوەی ئێستای جەنگەکە.

کاتێک کە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز پرسیاری لێکرا، پوتن وتی گفتوگۆکانی ئاشتی دەبێت دەستپێبکەنەوە.

وتی " با دەستپێبکەنەوە." وتیشی گفتوگۆکان دەبێت لەسەر بنەمای " ڕاستییەکانی سەر خاکەکە " بن و لەسەر بنەمای پلانێک بن کە پێشتر لە ماوەی هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە یەکەمین هەفتەکانی جەنگەکەدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە. " نەک لەسەر بنەماکانی ئەوەی لایەنێک چی دەوێت."

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولێبا لە ئێکس نوسیویەتی پوتن هەوڵ دەدات لە ڕێی بەکارهێنانی دارودەستەکەیەوە " ئاماژەی ساختە " بنێرێت سەبارەت بەوەی گوایە ئامادەیە جەنگەکە ڕابگرێت، لەو ڕێیەوە هەوڵ دەدات سەرنجەکان لەسەر لوتکەی دەستپێشخەری ئاشتی ئۆکرانیایی لاببات کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە سویسرا بەڕێوەبچێت.

کولێبا وتی " پوتن لە ئێستادا هیچ ئارەزوویەکی نیە بۆ کۆتایی هێنان بە دوژمنکارییەکانی دژی ئۆکرانیا. تەنها دەنگێکی یەکگرتوو و بە بنەمای زۆرینەی جیهان دەتوانێت ناچاری بکات ئاشتی بەسەر جەنگدا هەڵبژێرێت."

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک وتی پوتن دەیەوێت دیموکراسییەکانی ڕۆژئاوا شکست پەسەند بکەن.

هەفتەی ڕابردوو پوتن ئابووریناس ئاندرێی بیلۆسۆڤی وەکو وەزیری نوێی بەرگری وڵاتەکە دەستنیشان کرد، ئەوەش لەلایەن هەندێک لە سوپاکانی ڕۆژئاوا و شیکەرەوە سیاسییەکانەوە وەکو هەوڵێک بیندرا بۆ تەرخانکردنی تەواویی ئابووری ڕووسیا بۆ جەنگێکی هەمیشەیی لە پێناو سەرکەوتن تێیدا.

دەستنیشانکردنەکە دوای ئەوە هات لەم هەفتانەی دواییدا هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام بوون لە فشارەکانی سەر گۆڕەپانی جەنگەکەدا و لە هەندێک ناوچەدا پێشڕەوییان کردووە.


بەڵام سەرچاوەکە وتی پوتن پێی باشترە ئەو تەوژمەی ئێستای ڕووسیا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی جەنگەکە تەواو بکات. بەڵام ڕاستەوخۆ لێدوانییان لەسەر وەزیرە نوێیەکەی بەرگری ڕووسیا نەدا.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی وڵاتەکە " جەنگێکی تا هەتایی ناوێت."

دووان لە سەرچاوەکان وتییان پوتن پێی وایە ئەو دەستکەوتانەی کە تاوەکو ئێستا لە جەنگەکەدا بە دەستییان هێناون بەسن بۆ ئەوەی سەرکەوتنێک بفرۆشنەوە بە گەلی ڕووسیایی.

جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا کە گەورەترین جەنگە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ئەوروپادا، بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس لە هەردوولا و سەپاندنی سزایەکی ئابووری گەورە لەلایەن ڕۆژئاواوە بەسەر ڕووسیادا.

سەرچاوەکان وتییان پوتن لەوە تێگەیشتووە کە هەر پێشڕەویکردنێکی گەورەی نوێ لە جەنگەکەدا پێویستی بەوەیە ژمارەیەکی زۆر لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ناونوس بکات بۆ خزمەتی سەربازیی، بەڵام ئەوەی ناوێت، یەکێک لە سەرچاوەکان کە سەرۆکی ڕووسیا دەناسێت وتی ناوبانگی پوتن کەم بووەوە دوای ئەوەی بۆ یەکەمین جار لە مانگی نۆی ساڵی 2022 دا فەرمانیکرد خەڵکەکە ناونوس بکرێن بۆ ئەنجامدانی خزمەتی سەربازیی.

ئەو فەرمانەی پوتن بەشێک لە دانیشتوانەکەی ڕووسیای ترساند، سەدان هەزاران پیاوی ناچار کرد وڵاتەکە جێبهێڵن. بەپێی ئامارەکان، لە دوای ئەو فەرمانەوە ناوبانگی پوتن لە ڕووسیا چەند خاڵێک دابەزی.

پێسکۆڤ وتی ڕووسیا پێویستی بە ناونوسکردنی خەڵکەکە نیە بۆ ئەنجامدانی خزمەتی سەربازیی و لەبری ئەوە بەڵێندەرە خۆبەخشەکان ناونوس دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هێزە چەکدارەکانەوە بکەن.

ئەگەری ئاگربەستێک یاخود تەنانەت گفتوگۆکانی ئاشتیش، لە ئێستادا زۆر دوور دیارە.

زێلێنسکی چەندین جار وتوویەتی کە ئاشتی بەپێی مەرجەکانی پوتن ڕوونادات. بەڵێنیشیداوە ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر دەستی ڕووسیاوە بیانگرێتەوە، بە کرایمیاشەوە کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 دا لکاندی بە ڕووسیاوە. لە ساڵی 2022 دا فەرمانێکی واژۆ کرد کە بە فەڕمی هەر جۆرە گفتوگۆکردنێکی لەگەڵ پوتندا بە " مەحاڵ " ڕاگەیاند.

یەکێک لە سەرچاوەکان پێشبینی ئەوەی کرد کە دەکرێت هیچ ڕێککەوتنێک لە ماوەی دەسەڵاتی زێلێنسکیدا ڕوونەدات، بەڵام دەکرێت ڕووسیا ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکادا بگات بە ڕێککەوتنێک. بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هەفتەی ڕابردوو لە کیێڤ وتی باوەڕی وانیە پوتن گرنگی بدات بە گفتوگۆیەکی جددی.

گفتوگۆکانی سویسرا:

لوتکەی ئاشتی سویسرا کە بڕیارە لە مانگی شەشدا بەڕێوە بچێت ئامانج لێی یەکخستنی بۆچوونی نێودەوڵەتییە سەبارەت بە چۆنێتی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە. گفتوگۆکان دەستپێشخەریی زێلێنسکین کە وتوویەتی نابێت پوتن ئامادەی ئەو لوتکەیە بێت. سویسراش ڕووسیای بانگهێشت نەکردووە.

مۆسکۆ وتوویەتی گفتوگۆکان سوودیان نابێت لە کاتێکدا کە ئێمە لەوێ نابین. ئۆکرانیا و سویسرا دەیانەوێت هاوپەیمانەکانی ڕووسیای وەکو چین ئامادەی لوتکەکە بن.

لە 17 ی مانگی پێنجدا پوتن سەبارەت بە چین وتی ڕەنگە ئۆکرانیا گفتوگۆکانی سویسرا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە وڵاتان ڕازی بکات پشتیوانی لە داواکەی زێلێنسکی بکەن بۆ کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ڕووسیا، پوتن وتوویەتی ئەوە مەرجێکی سەپێندراو دەبێت وەک لەوەی گفتوگۆیەکی جددی ئاشتی بێت.

وەکو وەڵامێک بۆ ئەم بابەتە، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی هەر دەستپێشخەرییەک بۆ ئاشتی دەبێت ڕێز لە " سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا بگرێت، لە نێو ئەو سنوورانەدا بێت کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانییان پێدانراوە، " هەروەها ڕووسیای بە تەنها بەربەست ناوبرد لەبەردەم ئاشتی لە ئۆکرانیادا.

وتەبێژەکە وتی " کرێملن هێشتا هیچ گرنگییەکی ماناداریی پیشان نەداوە بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگە، بە تەواوەتی پێچەوانەکەی پیشان داوە."

کیێڤیش دەڵێت پوتن متمانەی پێناکرێت لەسەر جێبەجێکردنی هەر ڕێککەوتنێک.

هێزەکانی ڕووسیا نزیکەی لە سەدا 18 ی خاکی ئۆکرانیایان کۆنتڕۆڵ کردووە و لەم مانگەدا دەستییان کردووەتەوە بە هێرشەکانییان بۆ سەر هەرێمی خارکیڤی باکووری ڕۆژئاوای ئۆکرانیا.

سەرچاوەیەک کە کاری لەگەڵ پوتندا کردووە وتی " پوتن زیاتر دەڕوات."

وتیشی پوتن هێواش هێواش ناوچەکان داگیر دەکات هەتاوەکو ئەو کاتەی زێلێنسکی پێشنیارێک دەکات بۆ وەستان، وتی پوتن بە یاریدەدەرەکانی وتووە کە ڕۆژئاوا ناتوانێت چەکی پێویست بۆ ئۆکرانیا دابین بکات.

ئەمەریکا و سەرکردەکانی ئەوروپا وتوویانە هەتاوەکو گرەنتی ئاسایش دەدرێت بەردەوام دەبن لە وەستان لە پاڵ ئۆکرانیادا. وڵاتانی ناتۆ و هاوپەیمانان هەوڵ دەدەن گەیاندنی چەکەکان بە ئۆکرانیا خێراتر بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە دابینکردنی چەکەکان وتی " ڕووسیا دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بێت لە ڕێی کشاندنەوەی هێزەکانی لە ئۆکرانیا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، بەڵام لە بری ئەوە ڕۆژانە بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی دڕندە دژی شار و بەندەر و خەڵکی ئۆکرانیا."

سەرجەم پێنج سەرچاوەکە وتییان پوتن بە ڕاوێژکارەکانی وتووە هیچ پلانێکی نیە بۆ خاکەکانی ناتۆ. دووان لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بە نیگەرانییەکانی ڕووسیادا سەبارەت بە زیادبوونی مەترسییەکانی زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوادا، لەوانەش گرژییە ئەتۆمییەکان لەسەر ئۆکرانیا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتوویەتی ئەمەریکا پێگە ئەتۆمییەکەی خۆی نەگۆڕیوە و هیچ ئاماژەیەکیشی نەبینیوە لەسەر ئەوەی ڕووسیا ئامادەکاری بکات بۆ بەکارهێنانی چەکێکی ئەتۆمی.

وتەبێژی وەزارەتەکە وتی " بەردەوام چاودێری ژینگە ستراتیژییەکە دەکەین و بە ئامادە دەبین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG