کۆمپانیای ڕۆستیکی ڕوسیا کە موڵکی دەوڵەتە ڕایگەیاند ڕوسیا سەنتەرێکی مەشقی لە ڤەنزوێلا کردۆتەوە تاوەکو یارمەتی فڕۆکەوانەکانی ڤەنزوێلا بدات بتوانن کار بە فڕۆکە هێلیکۆپتەرە ڕوسییەکان بکەن، ئەمەش نوێترین یارمەتی مۆسکۆیە بۆ پشتیوانیکردن لە نیکۆلاس مادورۆ.
کۆمپانیاکە وتی سەنتەرەکە هەفتەی ڕابردوو کراوەتەوە لە هەمان ڕۆژدا کە ئەمەریکا هۆشیاریدایە ڕوسیا و وڵاتانی دیکە یارمەتی سەربازیی ڤەنزوێلا نەدەن، وتیشی ئەمەریکا ئەم جۆرە کارانە بە " هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ " دەزانێت بۆ سەر ناوچەکە.
واشنتن کە پشتیوانی لە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆ دەکات ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە دوای ئەوەی دوو فڕۆکەی سەر بە هێزی ئاسمانی ڕوسیا لە دەرەوەی کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا نیشتنەوە و نزیکەی 100 سەربازی ڕوسییان هەڵگرتبوو، کرێملنیش وتی ئەو تیمە تیمێک بوون لە شارەزایانی بواری سەربازیی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز