دوو توێژەری ئەمەریکایی دەڵێن شوێنێکییان دۆزیوەتەوە کە ڕەنگە شوێنی موشەکی 9M370 Burevestnik ی ڕووسیایی بێت کە موشەکێکی نوێی کروزی ئەتۆمییە و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بە " نابەزێنەر " ناوی دەبات.
پوتن وتوویەتی چەکەکە کە ناتۆ بە SSC-X-9 Skyfall ناوی دەبات، مەودایەکی بێسنووری هەیە دەتوانێت خۆی لە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بدزێتەوە. بەڵام هەندێک لە شارەزایانی ڕۆژئاوایی هاوڕا نین لەگەڵ بانگەشەکانی پوتن و بەهای ستراتیژیی موشەکەکە، دەڵێن هیچ توانایەکی نوێ بۆ ڕووسیا دروست ناکات و مەترسی ڕووداوێکی نەخوازراوی تیشکدانەوەی لەسەر دەبێت.
بە بەکارهێنانی ئەو وێنانەی کە کۆمپانیای مانگی دەستکردی پلانێت لابس لە 26 ی مانگی حەوتدا گرتوونی، دوو توێژەرەوەکە پڕۆژەیەکی دروستکردنی بینایەکییان دۆزیوەتەوە کە لە تەنیشت دامەزراوەیەکی کڵاوەی ئەتۆمییەوەیە کە بە ناوەکانی ڤۆلۆدگا – 20 و چیبسارا ناسراوە، شوێنەکە ئەگەری هەیە شوێنی دانانی موشەکە نوێیەکە بێت. دامەزراوەکە دەکەوێتە دووری 475 کم لە باکووری مۆسکۆوە.
دێکەر ئیڤلیثی شیکەرەوە لە توێژینەوەی سی ئێن ئەی دەڵێت شوێنەکە " بۆ سیستمێکی گەورەی موشەکی جێگیر دەبێت و تەنها سیستمێکی موشەکی گەورە و جێگیر کە ڕووسیا لە ئێستادا پەرەی پێبدات Skyfall ە."
ئیڤلیث و توێژەرەوەی دووەم جێفری لویسی دامەزراوەی میدڵبێری بۆ توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان لە مۆنتێنەری وتییان دۆزینەوەی شوێنی موشەکەکە پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕووسیا بەردەوامە لە گەشەپێدان بە موشەکەکە دوای چەندین تاقیکردنەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا کە سەرجەمییان کێشەیان هەبووە.
لویس وتی وێنەکان " پێشنیاری شتێکی نموونەیی دەکەن، شتێکی زۆر جیاواز. بێگومان ئێمە دەزانین ڕووسیا پەرە بەم موشەکە ئەتۆمییە دەدات."
دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردەوە ڕووسیا گۆڕانکاری دەکات لە ڕێبازی بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمییەکانیدا، وتی گۆڕانکارییەکان وەکو وەڵامێک دەبن بۆ ڕۆڵی ڕۆژئاوا لە زیادکردنی گرژییەکان لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا.
لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2020 ی ناوەندی هەواڵگری بۆشایی ئاسمان و هێزی ئاسمانی ئەمەریکادا هاتووە دەڵێت ئەگەر ڕووسیا سەرکەوتوو بێت لە پەرەپێدان بە موشەکی Burevestnik ، ئەوا ئەوە " چەکێکی نموونەیی دەدات بە ڕووسیا بە مەودایەکی کیشوەربڕەوە."
بەڵام گروپی ڕاوێژی دەستپێشخەری مەترسی ئەتۆمی دەڵێت Burevestnik تۆمارێکی خراپی هەیە لە تاقیکردنەوەکاندا و لە ساڵی 2016 ەوە لانیکەم 13 جار تاقیکراوەتەوە و تەنها دوو جار سەرکەوتوو بووە، ئەو دوو جارەش بە تەواوەتی سەرکەوتوو نەبووە.
پوتن لە مانگی سێی ساڵی 2018 دا موشەکەکەی ئاشکرا کرد، وتی موشەکەکە " لە بەرزاییەکی نزمدا " دەفڕێت و مەوداکەی سنووری نیە و ڕێڕەوی فڕینەکەی پێشبینی ناکرێت و سیستمە بەرگرییەکانی ئێستا و داهاتووش ناتوانن " بیبەزێنن."
زۆرێک لە شارەزایان گومانییان هەیە لەو بانگەشەیەی پوتن.
شارەزایان دەڵێن Burevestnik ڕەنگە مەودای نزیکەی 23,000 کم هەبێت بە بەراورد لەگەڵ موشەکی سارماتدا کە مەوداکەی دەگاتە زیاتر لە 17,700 کم و نوێترین موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕی ڕووسیایە، دەشڵێن خێراییەکەشی کە کەمترە لە خێرایی دەنگ وادەکات ئاشکرا ببێت.
هانس کریستنسنی فیدراسیۆنی زانایانی ئەمەریکایی دەڵێت موشەکەکەی ڕووسیا " وەکو هەموو موشەکێکی کروزی دیکە لاوازیی دەبێت. هەتاوەکو زیاتر بفڕێت لاوازتر دەبێت چونکە کاتی زیاترت دەبێت بۆ دۆزینەوەی. لێرەدا لە پاڵنەری پوتن تێناگەم."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز